سەردێر

داوای پارەكانیان دەكەن

 

خەڵك-ئارام سەردار

بازرگانێكی تورك نزیكەی 100 دەفتەر دۆلاری ژمارەیك هاووڵاتی بردووەو ماوەی ١٢ڕۆژە دیار نەماوە و ئەو هاووڵاتیانە لەبەردەم یەكێك لەمۆڵەكانی هەولێر بۆ داواكردنی پارەكانیان گردبوونەوەیان ئەنجامدا.

یەكێك لەو كەسانەی كە زیاتر لە ٣٨ دەفتەر دۆلاری خۆی و خزم و كەسەكانی داوە بەو بازرگانە توركە بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ماوەی ١٢ ڕۆژە كەنعان ئەتاتورك كە بازرگانێكی توركە دیار نەماوە و دەڵێت ئیفلاسم كردووە، ئێمەش لەو باوەڕەدا نین ئیفلاسی كردبێت، چونكە ناكرێت دوو مۆڵی گەورەی وەك مۆڵ ئەستەمبۆڵ و ماگزیمۆل كە یەكێكیان ۹ لقی هەیە و ئەوی تریشیان ٥١ لق تائێستاش بەردەوامن لەكاركردن و ئیفلاسی كردبێت.

دەشڵێت، ئێمە بەبڕی جیاواز دەیان دەفتەر دۆلارمان پێداوە كە نزیكەی ٢٠٠ دەفتەر دۆلار دەبێت و بە شێوەی ڕاستەوخۆ ئەو پارانەمان پێنەداوە بەڵكو لەڕێگای دووكەسەوە پارەكانمان بەم بازرگانە داوە.

ئەوەشی خستەڕوو، داوا دەكەین حكومەت هەوڵبدات پارەكانمان بۆ بگەڕێنێتەوە و سكاڵا تۆمار دەكەین و بڕیارە سبەی سەردانی قایمقامی هەولێر بكەینەوە، ئەگەر پارەكانمان بۆ نەگەڕێتەوە هەموومان توشی كێشەی خێزانی دەبین.