سەردێر

ڕادیۆ دێتەوە ناو ڕکابەرییەکە

خەڵک ـ نزار جەزا

نزیکی سەد ساڵە کورد ڕادیۆ وەک سەرچاوەی گەیاندنی هەواڵ و زانیاری بەکاردەهێنێت، لەئێستاشدا بەهۆی شۆڕشی سۆشیال میدیا و تەلەفزیۆنەکانەوە پێگەی ڕادیۆ لاوازکراوە، بەڵام هێشتا دەتوانرێت لەڕێگەی سوودوەرگرتن لەتەکنەلۆژیای سەردەم گەشە بەخۆی بداتەوە و دووبارە بگەڕێتەوە ناو پێشبڕکێی سەرچاوەکانی میدیا.

یەکەم پەخشی ڕادیۆی کوردی لەساڵی ١٩٣٩ لەبەغداد دەستیپێکردووە، بەڵام بەپێی هەندێک سەرچاوەی مێژوویی دیکە لەساڵی ١٩٢٣ تاکو ساڵی ١٩٢٩ لەیەکێتی سۆڤیەت، کاتێک هەرێمی کوردستانی سوور دامەزرا، ڕادیۆیەکی کوردیش دامەزرا.

لەو سەردەمەوە کورد لەدرێژەی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانیدا ڕادیۆی وەک سەرچاوەیەکی بڵاوکردنەوەی زانیاری و هەندێک ڕادیۆی دیکەی کوردیش لەبواری دیکەدا پەخشی خۆیان کردووە.

لەئێستادا ٣٥ ڕادیۆ لەسەنتەری سلێمانی هەیە، 70 ڕادیۆ لەسلێمانی و دەوروبەری هەیە، 200 ڕادیۆ لەهەرێمی کوردستان هەیە.

ڕادیۆ هێشتا ڕۆڵی خۆی لەدەستنەداوە، ڕادیۆکان دەیانەوێت لەناو مەیدانەکەدا بمێننەوە، بۆیە دەبنیرێت شێوازی جیاواز لەپەخشکردن دەگرنەبەر، بەتایبەت لەڕێگەی بەکارهێنانی سۆشیالمیدیاوە دەیانەوێت بڵێن (ئێمەش هەین! چاوتان لەسەرمانبێ گوێمان لێ بگرن).

هەفتەی پێشوو دیداری بەڕێوەبەرانی ڕادیۆکانی کوردستان لەلایەن سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لقی سلێمانی بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی دیالۆگ و کلتوور ئەنجامدرا، بەمەبەستی باسکردن لەگرفتەکان و چۆنیەتی مانەوەیان لەمەیدانەکەدا و گەشەکردنیان.

کاروان ئەنوەر، سەرۆکی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان لقی سلێمانی لەوتەیەکیدا لەودیدارەدا ڕایگەیاند، ڕۆڵی ڕادیۆ لەساڵانی ڕابردوو نادیدەکراوە، بەڵام هێشتا ڕادیۆ دەتوانێت پەیامی خۆی بگەیەنێت، ئەویش بەسوود وەرگرتن لەتەکنەلۆژیا کاریگەری زیاتر دروستدەکات.

ئەوەشی خستەڕوو، ڕادیۆکانی شاخ هۆکارێکی زۆرباشبوو بۆ ڕۆشنبیرکردنی تاکی کورد و کوردیان گەیاندە قۆناغێکی دیکە، بۆیە هەموومان قەرزارباری ڕادیۆکانی شاخین.

ئاشکراشیکرد، کەمترین کێشە کە لەدادگاکاندا هەیە کێشەی ڕادیۆکانن، زۆرترین کێشەش کێشەی پەیجە بێ دایک و بێ باوکەکانن.

لەگەڵ گەشەکردنی تەکنەلۆژیادا هۆکارەکانی گەیاندن زۆرتر و فرەجۆر بوون، کە منافەسەیەک کەوتۆتە نێوانیان بۆئەوەی جێ بەیەکتر لەق بکەن، ڕادیۆش کەوتە ناو ئەو منافەسەیەوە و لەئێستادا پێویستی بەخۆنوێکردنەوە هەیە، کە بەشێک لەڕادیۆکانی هەرێم هێشتا نەکەوتوونەتە سەر سکەی خۆنوێکردنەوە.

ژوان ئەحمەد سەعید، بەڕێوەبەری ڕادیۆی مەدەنیەت بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، هەموو داهێنراوێکی تازە لەبواری میدیادا داهێنراوەکەی پێشخۆی لاواز دەکات، بەڵام مەرجنییە بەتەواوی لەگۆڕەپانەکەدا لایبات، بۆنمونە سەرەتا کە تەلەفزیۆن دروستبوو، پێیاندەوت دوژمنی سینەما، بەڵام دواتر سینەما سوودی لەتەکنەلۆژیا وەرگرت و گەشەی بەخۆیدایەوە، بۆیە ئێستا دەبینرێت، کە سینەما پێش تەلەفزیۆنی داوەتەوە، ڕادیۆش بەهەمانشێوە تەلەفزیۆن و سۆشیال میدیا لاوازیان کردووە، بەڵام ناتوانن بەتەواوی لەناویبەرن.

ئەوەشی خستەڕوو، ڕادیۆ دەتوانێت کۆی پێشکەوتنەکانی دیکە بۆخۆی بەکاربهێنێتەوە، بەڵام بەداخەوە لەهەرێمی کوردستان کۆمەڵێک کێشەی جۆراوجۆر یەخەی گرتووین، کە گرفتێکی گەورەیە بۆ کۆی کایەکانی کۆمەڵەگە.

وتیشی: ڕاستە کاریگەری ڕادیۆ کەمبۆتەوە، بەڵام لەناونەچووە و هۆکارەکانی مانەوەی ڕادیۆ زیاترن لەهۆکارەکانی لەناوچوونی، بۆیە ئەگەر ڕادیۆ سوود لەپێشکەوتنەکانی سەردەم وەربگرێت، دەتوانێت بمێنێتەوە و گەشەبکات.

ڕادیۆ لەناو ئۆتۆمبێل و لەشوێنە گشتییەکان بەدەم پیاسە و چاخواردنەوەوە گوێی لێ دەگیرێت، مەجلیسە گەرمەکان بێدەنگدەکات و تەرکیزیان بۆخۆی ڕادەکێشێت، لەڕێگەی گوێکانمانەوە ناخمان دەنەخشێنێت.

تارا بایيز ئاغا، بەڕێوەبەری ڕادیۆی زاگرۆس بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، پێشتر هەموو تەرکیزەکان لەسەر ڕادیۆ بوو، هەوڵی هەموو ڕۆژنامەنوسان لەسەر ڕادیۆ بوو، چونکە هۆکارەکانی گەیاندن کەمبوو و هاوڵاتییان وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی زانیاری گوێیان لەڕادیۆ دەگرت، بەڵام ئێستا سەرچاوەکانی میدیا زۆربوون، بۆیە پێشتر دۆخی ڕادیۆ باشتر بوو بەراورد بەئێستا.

ئەوەشی خستەڕوو، کاتێک کەسێک گوێ لەڕادیۆ دەگرێت، هەموو تەرکیزی کەسەکە دەچێتە سەر زانیارییەکە، کە ئەمە پێچەوانەی تەلەفیزیۆنە، کە بەشێک لەتەرکیزەکە چاو و وێنە دەیبات.

وتیشی: بەداخەوە بەهۆی چڕوپڕی ڕادیۆکان و ململانێ سیاسییەکانەوە نەتوانراوە وەک پێویست بابەتە هۆشیارییەکان لەڕێگەی ڕادیۆوە بەبیسەران بگەیەنرێت.

ئەوەشی باسکرد، بۆ ئەم دۆخەی ئێستا پێویستە ڕادیۆکان تەکنیکی نوێ بەکاربهێنن، بۆنمونە لەڕێگەی سۆشیال میدیاشەوە پەخشی خۆیان بکەن و پڕۆگرامەکانیان چڕوپڕبکەنەوە.

هەرێم بەهادین، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری (تۆڕی میدیایی خەڵك) لەوبارەیەوە ڕوونكردەوە، تاكو ئێستا ڕادیۆ گرنگی خۆی هەر ماوە و بیسەرێكی زۆری هەیە. بەراورد بە میدیای نوسراو و سۆشیال میدیا نەیتوانیوە جێگەی میدیای بیسراو بگرێتەوە، بەڵكو لەهەندێك حاڵەتدا ڕادیۆ توانی سوود لەسۆشیال میدیا وەربگرێت.

وتیشی: مۆبایل كە یەكێكە لەپێشكەوتنە تەكنەلۆژییەكانی سەردەم، هێشتا ڕادیۆی تێدایە، ئەگەر تێیدا نەبێت، ئەوە وەك ئەوەیە شتێكی كەمبێت، ڕادیۆ بەردەوام لەناو ئۆتۆمبێلەكاندا بوونی هەیە و بەردەوامە لەگەشەكردن و وەك ژانرێكی پێویستی میدیا تەماشا دەكرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لەئیستاشدا ڕادیۆ بۆئەوەی دوانەكەوێت، لەگەڵ پێشكەوتنەكانی تەكنەلۆژیادا خۆی گونجاندووە، بۆنمونە بەشێكی زۆر لەڕادیۆكان پەخشی خۆیان كردۆتە سەر ماڵپەڕەكەیان لەئینتەرنێت یاخود لەسۆشیالمیدیاوە ڕاستەوخۆ بەڤیدیۆوە بەرنامەكانیان پێشكەشدەكەن و زانیاری دەبەخشن.

ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان (13)ی شوباتی هەموو ساڵێكی بەڕۆژی جیهانیی ڕادیۆ ناساندووە و تەمەنی ڕادیۆ لە 120 ساڵ نزیك دەبێتەوە.

یەكەمین كەس كە هەوڵی بەكارهێنانی شەپۆلەكانی دەنگی داوە بۆ گواستنەوەی دەنگ (گۆلیلمۆ ماركۆنی)یە كە 25ی تەمموزی ساڵی 1896 جفرەی مۆرسی بەكارهێنا بۆ پەیوەندی و جیناڵد فسندن، بەیەكەمین داهێنەری پەخشی دەنگ دادەنرێت.

هانز ئورستدی زانای فیزیایی دانیماركیی لەساڵی (1880)دا سەرەتای بیركردنەوەی لە ڕادیۆ داهێناوە.

لەساڵی (1886) (هاینریش هیرتز) زانای فیزیایی و میكانیكی ئەڵمانیایی شەپۆلی كارۆموگناتیسی لەوزەدا دۆزییەوە و هەر ئەو بوو سیستمی شەپۆلی ڕادیۆیی UHFی دۆزییەوە و بەیەكەمین كەسیش دادەنرێت كە دیزاینی بۆ ئامێری ناردن و پێشوازیی یەكەمین شەپۆلە ڕادیۆییەكان داناوە.

لە 25ی تەمموزی ساڵی 1874 دا گۆلیملۆ ماركۆنی یەكەمین شەپۆلەكانی كارۆ مۆگناتیسی بۆ داهێنانی ڕادیۆ دۆزییەوە.

بەپێی سەرچاوە جیهانییەكان لە ساڵی(1907)دا زانایانی ئەمریكا و ئەڵمانیا گەیشتنە ئەو ڕاستییەی كە دەتوانرێت بە بەكارهێنانی شەپۆلی ڕادیۆیی قسە و دەنگ بگوازرێتەوە، ئەمەش ڕێگەی خۆشكرد بۆ توانای پەخشی ڕادیۆیی.

یەكەمین پەخشی ڕادیۆیی لەلایەن ئەندازیارانی كۆمپانیای (بیستبێرگ) بووە لەئەمریكا، ئەوەش بە شێوەیەكی ڕێكەوت بووە، لەكاتێكدا كارمەندەكان سەرقاڵ بوون بە تاقیكردنەوەی گواستنەوەی دەنگ و بیریان لەوەكردووەتەوە كە مووزیكی سەر ئەو قەوانانەی لەبەردەستیاندایە بەكاربهێنن بۆ گواستنەوەی دەنگ، ئەو كەسانەی لە ماڵەوە ئامێریی سەرەتایی وەرگرتنی شەپۆلەكانی دەنگیان هەبووە توانیویانە شەپۆلی دەنگیی ئەو مۆزیكانە وەربگرن، بۆیە داوایان لەو كۆمپانیایە كردووە كە مووزیكی زیاتر پەخش بكات و بەردەوام بێت، پاشان كۆمپانیاكە كارەكانی بەشێوەیەكی ڕێكخراوتر كردووە و لە ژێر ناوی ڕادیۆی KDKAبەردەوام بووە و لەساڵی(1920) دا وەك یەكەم وێستگەی ڕادیۆیی ناسراوە.

لەئوستورالیاش یەكەمین وێستگەی ڕادیۆیی لەشاری میلبۆرن و لە ساڵی (1921) دا دەست بەكار بوو.
لەساڵی (1922)دا كۆمپانیای پەخشی بەریتانیایی بە ناویBBC لە بەریتانیا وەك یەكەمین ئێستگەی ڕادیۆیی پەخشی خۆی دەستپێكرد.

هەر لەهەمان ساڵدا لە فەڕەنسا و لەتاوەری ئیفەوە یەكەمین پەخشی ڕێكخراوی ڕادیۆیی ڕاگەیەندرا، و ئێستگەیەكی ڕادیۆییش لەیەكێتی سۆڤییەتی ئەو كاتەدا دەست بەكار بوو.
لەساڵی(1923) دا ئێستگەی پەخشی ڕادیۆیی لە هەریەك لە بەلژیكا و چیكسلۆڤاكیای پێشوو و ئەڵمانیا و ئیسپانیا دامەزران، پاشانیش لە فینلەندا و ئیتاڵیا دانرا.

لە ساڵی 1924 یشدا نەرویج‌و پۆڵۆنیا و مەكسیك بوونە خاوەنی پەخشی ڕادیۆیی خۆیان و لەساڵی 1925یش ژاپۆن یەكەم ئێستگەی ڕادیۆیی دامەزراند.
لەساڵی 1927دا لە هیند یەكەمین پەخشی ڕادیۆیی دەستی پێكرد و دواتریش وڵاتانی دیكەی جیهان.

لە ساڵی (2011)دا ئەكادیمیای ڕادیۆیی ئیسپانیا بیرۆكەی دانانی ڕۆژێكی جیهانیی بۆ یادكردنەوەی یەكەمین پەخشی ڕادیۆیی لەجیهاندا خستە بەردەم ڕێكخراوی یۆنسكۆی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان، لەناو ئەنجومەنی جێبەجێكاری یۆنسكۆدا ڕۆژی (13)ی شوبات دیاریكرا بۆ ڕۆژی جیهانیی ڕادیۆ، چونكە لەو ڕۆژەدا و لەساڵی (1946)دا یەكەمین پەخشی ئێستگەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستی پێكرد.

بەپێی داتاكان تاساڵی 2015 پازدە هەزار ئێستگەی ڕادیۆیی هەبوون و (75%)ی ماڵان لەوڵاتانی تازە پێگەیشتوودا ڕادیۆیان هەیە.

(70%)ی دانیشتوانی جیهان لەڕێی مۆبایلەوە گوێ لە ڕادیۆ دەگرن.

هەر بەپێی ئامارەكان (608) ملیار كەس لە سەرانسەری جیهاندا گوێ لە ڕادیۆ دەگرن.

شەپۆلەكانی ڕادیۆ بریتین لە: –
SW (Short Waves) شەپۆلی كورت
MW (Medium Waves)شەپۆلی مام ناوەند
AM (Amplitude Modulation) شەپۆلی ستونی كە دەبێت بە دوو بەش ، بەرزە شەپۆل، شەپۆلی دوور مەودا
FM (Frequency modulation) شەپۆلی ئاسۆیی

فریكوێنسی شەپۆلەكانی ڕادیۆ لە هەندێك وڵات و ناوچە دەگۆرێت بە نمونە، وەرگرتنی شەپۆلەكانی دەنگ لە ئاسیادا لە 88 میگاهێرتز تا 108 مێگاهێرتز دەست پێدەكات، واتا وەرگرتنی شەپۆلەكان لەو ژمارەیەدا وەردەگیرێت و توانای دانەوەی هەیە بۆ دەوروبەر.

بوونی FM – FM2، تەنیا درێژكراوەی FM ە و هەبوونی تەنیا بەو هۆكارەیە كە ژمارەی ئێستگە رادیۆییەكان رووی لە زیاد بوون كردووە بە درێك ساڵانی نەوەدەكان نێوان فریكوێنسی رادیۆیەك بۆ رادیۆیەگی دیكە 5 بۆ10 فریكوێنسی بوو بەڵام ئێستاو بە هۆی زۆری ژمارەی رادیۆكان نێوانەكە بووە بە دوو فریكوێنسی بە نمونە شەپۆلی FM97.3 ئێستا پەخشی رادیۆی خەڵكە، 97.1 پەخشی ڕادیۆی میلۆدییە لە سلێمانی….. هتد
ئێستا لە دنیادا ڕادیۆ ڕووی لە شەپۆلی FMە، بەهۆی فراوانی و دوور مەودایی پەخشەكەی كە لە 100 واتەوە تا 100 كیلۆ وات توانای گەیاندنی شەپۆلی هەیە و لە ڕووی تێچوونەوە مامناوەندە.

دەربارەی پەخشی ڕادیۆ كوردییەكان لە ڕابردوودا ساڵی(1939) بەشی كوردی لەرادیۆی (بەغداد-عێراق) كراوەتەوە، ئەم رادیۆیە بەپشتگیری راستەوخۆی دەوڵەت دامەزرا.

لەساڵی ١٩٢٣ تاکو ١٩٢٩ لەیەکێتی سۆڤیەت کاتێک کوردستانی سوور دامەزرا ڕادیۆیەکی کوردی دامەزرا.

رادیۆی بەغداد تاساڵی (1949) دوو كاتژمێر و 45 خولەك پەخشی كوردی هەبوو.

ساڵی(1958)دوای رووخانی سیستمی پاشایەتی لەعێراق رادیۆكە بەتەواوی بەهێز بوو لەترسی كاریگەری دانان لەسەر كوردەكانی پارچەكانی دیكە سانسۆرێكی زۆری خرایەسەر و وەك پێشتر نەیدەتوانی گرنگی بەبەرنامە كوردییەكان بدات، تا كار گەیشتە ئەوەی لەرۆژنامەی (ژین) بابەتێك لەدژی ئەو هەڵوێستەی بڵاوكرایەوە.

ئەم جۆرە لەرۆژنامەگەری كوردی بارودۆخی لە جۆری یەكەم باشتر نەبووە و هەرگیز سەقامگیری بەخۆوە نەدیتوە ئەوەتا ساڵی(1941) فەرەنسییەكان رادیۆیەكی كوردی زمان بەناوی(لیوانت) لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان دادەنێن و دوای پێنج ساڵ لەكارپێنەمانیان دایدەخەن.

ساڵی 1945یش كوردەكانی كوردستانی رۆژهەڵات رادیۆیەكی كوردیان لەتەبرێز دامەزراند، ئەجێندای ئەم رادیۆیە زیاتر خزمەت بەكۆمارەكەی قازی محەمەد و دژ وەستان بەرامبەر حكومەتی ناوەندی بوو، بەڵام دوای ساڵێك بەردەوامی ئەمیش لەگەڵ كۆتایهاتنی كۆمارەكەی مهاباد دا داخرا.

ڕادیۆی كوردستان لە مهاباد لە ساڵی 1946 دامەزراوە، باسی كار و چالاكیەكانی حكومەتی دەكرد، ئێزگەیەكی سەرەتایی بووە، بڵندگۆ پەیامەكانی دەگەیاند. بەڕووخانی كۆمار ئێزگەكە نەما.

لەهەوڵێكی دیكە و بەمەبەستی كاریگەری دانان لەسەر گەلانی ژێر دەستی و سازدان و بڵاوكردنەوەی پروپاگەندە، حكومەتی بەریتانیا ساڵی (1942-1944) (رادیۆی رۆژهەڵاتی نزیك)ی دامەزراند، كە بەشێكی بەرنامەی رادیۆی كوردی كوردستان بوو، شاعیرو نووسەرانی كورد بەشی كوردی رادیۆكەیان بەڕێوەدەبرد لەوانە: گۆران، رەفیق چالاك، رەمزی قەزاز.

هەر لەئێران، لەماوەی ساڵانی(1955-1966) سوپای پاسداران رادیۆیەكی بەزمانی كوردی دامەزراندو دوای ماوەیەكی كەم پەخشەكەیان راگرت.

پێش دەستپێكردنی شەڕی دووەمی جیهانیش لەرادیۆی (حەیفا)ی فەلەستین بەشی كوردی كرایەوە، كۆمەڵێك شاعیرو نوسەر كاریان تێدا دەكر لەوانە: عەبدوڵڵا گۆران و رەفیق چالاك.

لە(1/1/1955)یش یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو بۆجاری دووەم رێگەی دا بە كردنەوەی بەشی كوردی لە رادیۆی (یەریڤان)، لەهەفتەیەكدا چوار كاتژمێر پەخشی كوردی هەبوو دواتر ماوەكەی زیادكراو زمانی وتنیش تێیدا كرمانجی سەروو بوو.

ساڵی (1957) دەوڵەتی میسر لەسەردەمی جەمال عەبدولناسر رۆژانە 45 خولەكی رادیۆی قاهیرەی بەناوی(ئێرە كۆماری عەرەبی یەكگرتووە)ی كرد بەزمانی كوردی، بەمەبەستی هێرشكردنە سەر حكومەتی عێراقی لەرێگەی كوردەكان و كێشەی كوردەوە.

رادیۆكە گوێگرێكی باشی لەعێراق و سوریا و ئێران هەبوو. لەماوەی ئەو پەخشە كورتەدا بەزمانی كوردی هەواڵەكان لەسەر سیستەمی پاشایەتی عێراق و پەیماننامەی بەغداد و رۆشنبیری كوردی و شیعری شاعیرانی كوردی پەخش دەكرد. بەشێوەگشتیەكەی هانی كوردەكانی دەدا بیر لەمەسەلەی رزگاریخوازی خۆیان لە عێراق و ئێران و توركیا بكەنەوە.

كاتێك پەیوەندییەكانی نێوان كۆماری عەرەبی یەكگرتوو و عێراق بەتەواوی تێكچوو ژمارەیەك لەخوێندكارە رەگەزپەرستەكانی لایەنگری (وحدە العربیە) كەوتنە پیلانگێڕان بۆ داخستنی، بەڵام رادیۆكە تا ناوەڕاستی شەستەكان هەر لەكاركردن بەردەوام بوو.

ڕادیۆی كوردی لە كرمانشان، دوای كودەتای 14 تموزی 1958 گۆڕان لەم ناوچەیە روویدا و هەندێ رژێمی تازە جڵەوی دەسەڵاتیان گرتە دەست، كە گۆڕانێكی باش بۆ كورد روویدا و (بارزانی) لە سۆڤیەت گەڕایەوە و رادیۆی زیاتر دامەزرا و ئەمانە هەمووی كاریان كردە سەر ناوچەكانی دەوروبەر.

رۆژانە(1)كاتژمێر بەكرمانجی خواروو و كرمانجی ژوورو (بادینی و سۆرانی) پەخشی هەبووە. سەرەتا ئەم ئێزگەیە لە(تاران) دامەزرا، پاشان چووە كرماشان لە ساڵی 1962 كارمەندەكانی هەموو چوونە كرماشان. خەڵكێكی ئێجگار زۆر گوێگری هەبوو لە پارچەكانی كوردستان. نامەی گوێكرانی هەبوو، لەگەڵ زنجیرە چیرۆك و پەخشان. رادیۆیەكی زۆر بەناوبانگ و خاوەن گوێگر بوو.

ئەوانەی كاریان تێدا دەكرد: سدقی موفتی زادە- شوكروڵای بابان- محەمەدی كەمانگەر- عەبدورەحمان موفتی زادە- ئەحمەد موفتی زادە- میدیای زەندی خانمە بێژەر خێزانی (حەسەن زیرەك) – مەزهەری خالقی). پاشان پەخشەكەی بووە (12) كاتژمێر.

لەساڵی (1963) ڕادیۆی (دەنگی كوردستانی عێراق) لەناو عێراق و لەلایەن مستەفا بارزانیەوە دامەزرا، ئەم ڕادیۆیە لەسەرەتادا بەشێوەیەكی نهێنی پەخشی دەكرد و لەژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بوو.

دوای كودەتای ساڵی 1958 گۆڕانكاری ڕوویدا، بەڵام نێوانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عیراق زۆر باش نەبوو.

ئەوەبوو شۆڕش دەستی پێكرد لە 11 ئەیلولی 1961 ، ئەم شۆڕشەش پێویستی بە دەزگایەك هەبوو بۆئەوەی دەنگی خۆی پێ‌ بەرزبكاتەوە.

لە11 ی ئەیلولی 1961 تاكو 20 ی ئابی 1963 ئینجا توانرا ئامێرێك دابین بكەن بۆئەوەی دەنگی پێ‌ بگەیەنرێت.

بۆیەكەمجار دوای هەوڵێكی زۆر لە 20/ئابی 1963 لە ئەشكەوتی (گردەڕەش)لەناوچەی ماوەت لە شارباژێڕ بە ووتەیەكی (بارزانی) دەستی پێكرد كەتێیدا داوای یەكریزی برایەتی كورد و عەرەبی كردبوو.

بەرنامەكانی لەسەر شەپۆڵی 40 مەتری بوو، بەرنامەكانی یەك كاتژمێر و نیو بوو لە (8:00) تاكو(9:30) بەردەوام بوو. یەكەمین ئێزگەیە كە كورد خاوەنی بووە كە دەربڕی كوردایەتی راستەقینەیە، سیاسەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و خەباتی كوردستان بووە.

بەپێی بارودۆخی شۆڕش شوێنەكانی گواستراونەتەوە، ماوەیەك لە گوندی (سەردێمان) لە ناوچەكانی قەسرێ‌ بووە، لە (ولاش) بووە. ماوەیەك لە گوندی (گاجۆتان)بووە. تاساڵی (1970) هەر لە(چەمی خەلان) بووە.

لەوكاتانەی كە شەڕو گفتوگۆ هەبووە رادیۆكە راوەستاوە، درێژترین ماوەی راوەستانی ئێزگە ساڵی (1970-1974) بووە.

حكومەتی عیراق چەندین جار داوای دەكرد دەزگاكە بدرێتەوە حكومەت شان بەشانی چەكە گەورەكان .

خەڵكێكی زۆرلە كوردستان گوێڕایەڵی ئەم ئێزگەیەی دەكرد، ئێواران بۆ وەرگرتنی هەواڵی شۆڕش و چالاكیەكان، چونكە تاكو ساڵی 1968 تەلەفزیۆن لە كوردستان نەبوو.

درەوشاوەترین كاتی ئێزگە ساڵی (1974) بووە، كە دووبارە دەستی بەكار كردەوە و فراوانتر بوو.هەژار موكریانی لەبەر زمانەكەی سەرپەرشتی دەكرد.

شۆڕش لە ساڵانی 1975 زۆر پێشكەوتوو بوو، هەموو بەڕێوەبەرایەتیەكان دامەزرابوو هەتا پولی پۆستە هەبوو لەسەری نووسرابوو كوردستان.
هەر لەو ساڵەدا رادیۆی (دەنگی كوردستانی عێراق) لەناوخۆی عێراق دامەزرا و حزبی شیوعی كوردستان بەڕێوەی دەبرد.

لەمێژووی (21/3/1979) لەناوخۆی عێراق (رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان) كرایەوە، ئەوكات موژدەیەكی گەورە بوو بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، كاریگەری گەورەی هەبوو لەسەر سەرخستنی شۆڕشی نوێی گەلی كوردستانی باشوور و هاندان و دروستكردنی ئیرادە و بروا لای هێزی پێشمەرگەی كوردستان. تائێستاش بەردەوامە لەكاركردن.

ساڵی (1992) دەنگی ئەمریكا كرایەوە، سەرەتا پەخشە كوردیەكەی یەك كاتژمێربوو دواتر فراوانتر كرا. هەر لەو ساڵانەو پاشتر، هەفتانە لەهەندێك وڵاتانی ئەوروپا و ئوسترالیاش چەند بەرنامەیەكی رۆشنبیری بەزمانی كوردی پەخش دەكران. بۆنموونە بۆماوەی 15 خولەك پەخشی بەرنامەكانی رادیۆی سوید بەزمانی كوردی بوو لە رۆژێكدا.

لە توركیاش كەبەشێكی زۆری خاك و دانیشتوانەكەی كوردین، تاساڵی (2002) زمانی كوردی قەدەغە بوو چ جای دانانی رادیۆ بەزمانی كوردی. لەدوای ئەو مێژووەشەوە حكومەت رێگەی دا بە كردنەوەی ئێزگەی كوردی كەرتی تایبەت بەمەرجێ‌ لەژێر چاودێری راستەوخۆی حكومەتی توركیادابێت.

لەئێستادا ڕادیۆ بۆئەوەی لەمەیدانەکەدا بمێنێتەوە پێویستە لەشێوازە تەقلیدییە کۆنەکە دووربکەوێتەوە و سوود لەتەکنەلۆژیای سەردەم وەربگرێت بۆئەوەی بتوانێت زانیارییەکانی بەبیسەران بگەیەنێت.

 



هەلبژاردە

گرنگترینەکان