سەردێر

تەندروستی هەرێم هۆشدارییەكی بەپەلە دەربارەی كۆرۆنا بڵاودەكاتەوە

خەڵك-
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان هۆشدارییەك سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاودەكاتەوە و ئاشكرای دەكات، “ئەگەری دووبارە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشێوەیەكی خێراتر و مەترسیدارتر هەیە”.

وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئێستاش كە ژیان ئاسایی بۆتەوە لە كردنەوە هەموو شوێنەكانی كەرتی گشتی و تایبەت و كۆبوونەوەی ڕۆژانەی خەڵك، بەڵام بەداخەوە ڕێنماییەكانی تەندروستی لە زۆربەی شوێنەكان وەك خۆی جێبەجێ ناكرێ بەتایبەتی بەكارهێنان و بەستنی ماسك و لێكدووركەوتنەوە.

ڕاشیگەیاندووە، “ئەگەری دووبارە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بەشێوەیەكی خێراتر و مەترسیدارتر هەیە بەتایبەتی پاش بڵاوبوونەوەی زنجیرەی نوێی گۆڕاوی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە ئێستا زۆربەی وڵاتانی جیهان پێوەی دەناڵێنن”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە وەزارەتی تەندروستی عیراق-یش لە بەیاننامەیەكی هاوشێوەدا هۆشداری لە سەرهەڵدانەوەی كۆرۆنا بە شێوەیەكی مەترسیدار داوە.

هۆشداریەك لە
وەزارەتی تەندروستی
حكومەتی هەرێمی كوردستان…
هەر لە سەرەتای دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID19 لە جیهاندا، بەوپەڕی هەستكردن بە بەرپرسیارەتیەوە وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ ڕاوێژكاران و پسپۆران و لایەنە پەیوەندارەكانی ئەم بوارە بە پاڵپشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 23 ی مانگی یەكی ساڵی پارەوە بە هەستیاری مامەڵەی لەگەڵ دۆخەكە كردووە و بەردەوام هەوڵی داوە دەستپێشخەری هەبێت لە گرتنەبەری ڕێكاری خۆپارێزی بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان، بەڵام لەگەڵ كەمبوونەوەی رێژەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا كە ڕێكارەكان و خۆپارێزی هۆكاری سەرەكی بوو هەم لە دواخستنی تەشەنەكردن و زوو كۆنتڕۆڵكردن و هێواشكردنەوەی بڵاوبوونەوە بەڵام بەداخەوە هەستێك لەلایەن هەندێك لە هاونیشتیمانیان وا دروستبووە گوایە نەخۆشی كۆرۆنا نەماوە و مەترسی ئەم ڤایرۆسە نەماوە بۆ سەر گیانی هاووڵاتیان كە ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ چەند هۆكارێك و گرنگترینیان هێنانەوەی پاساوی ئەوەیە گوایە كۆمەڵگا بەرگری بەكۆمەڵ و بەگشتی دروستبووە دژی ئەم ڤایرۆسە بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەكی زانستی پشتڕاستی بكاتەوە ئەمە جیا لەوەی خەڵكانێك هەر لەسەرەتاوە باوەڕیان بەبوونی ڤایرۆسەكە نەبووە بەمەش نەوەستان بەڵكو هەست و سۆزی خەڵكیان ڕادەكێشا و بابەتی تریان دەبەستاوە بە پرسی كۆڕونا و دژی ئەو ڕێكارانە بوون كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیان و پاراستنی گیانیان و دەیگرتە بەر.
ئێستاش كە ژیان ئاسایی بۆتەوە لە كردنەوە هەموو شوێنەكانی كەرتی گشتی و تایبەت و كۆبوونەوەی ڕۆژانەی خەڵك و كردنەوەی مۆڵ و چایخانە و چێشتخانە و شوێنە گەشتیاریەكان و مزگەوت و گەشت كردن و زۆر شوێنی تر بەڵام بەداخەوە ڕێنماییەكانی تەندروستی لە زۆربەی شوێنەكان وەك خۆی جێبەجێ ناكرێ بەتایبەتی بەكارهێنان و بەستنی ماسك و لێكدووركەوتنەوە.
وەزارەتی تەندروستی هۆشداری دەدات لە ئەگەری دووبارە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بەشێوەیەكی خێراتر و مەترسیدارتر بەتایبەتی پاش بڵاوبوونەوەی زنجیرەی نوێی گۆڕاوی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە ئێستا زۆربەی وڵاتانی جیهان پێوەی دەناڵێنن.
هەر بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەكەین پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی بن بۆ ئەوەی بەكەمترین زیان و بە هاوكاری هەموولایەك ئەم دۆخە تێپەڕێنین بە سەلامەتی.
سوپاسی پزیشكان و كارمەندان و فەرمانبەرانی تەندروستی دەكەین كە لە هێڵی پێشەوەی رووبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دان، هەروەها ڕۆلی هێزەكانی ناوەخۆ و دەزگاكانی میدیا و ڕاگەیاندن و لایەنە پەیوەندارەكان و مامۆستایانی ئایینی و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەرز دەنرخێنین لەهۆشیاركردنەوە و جێبەجێكردنی رێكارەكانی خۆپارێزی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
سڵاو بۆ گیانی پاكی قوربانیان لە پزیشكان و كارمەندان و فەرمانبەرانی وەزارەتی تەندروستی و هەموو ئەو كەسانەی كە گیانیان سپارد لە پێناو پاراستنی گیانی هاونیشتیمانیان لە هەرێمی كوردستان.
خوای گەورە كوردستان لە هەموو نەهامەتی و نەخۆشیەك بپارێزێت.
وەزارەتی تەندروستی
13 كانوونی دووەم 2021