سەردێر

شەپۆلێكی بەهێزی بەفر و سەرما ناو شارەكانی ھەرێم دەگرێتەوە

خەڵك-
بەپێی پێشبینییە كەشناسییەكان لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا شەپۆلێكی دیكەی باران و بەفر بارین ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و پلەكانی گەرما ڕوو لە دابەزین دەكەن.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە ئەنجامی بەردەوامی كاریگەری بەرزە پاڵەپەستۆیەك لەسەر ناوچاكانمان تا ڕێكەوتی ١٦/٢/٢٠٢١ كەش بە سەقامگیری ئەمێنێتەوە و پلەكانی گەرمی بەبەرزی ئەمێننەوە.

ڕاشیگەیاند، لە دوانیوەڕۆ بۆ شەوی دوو شەممە ١٦-٢-٢٠٢١ ی ناوەراستی ھەفتەی داھاتوو پێشبینی ئەكەین شەپۆلێكی مامناوەند بۆ بەھێزی بارانبارین و بەفر بارین ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان بگرێتەوە، سەرەتاش كاریگەریەكانی بە باران دەستپێدەكات و دواتر بەھۆی كاریگەری بەھێزی بارستە ھەوایەكی سارد لەڕۆژانی ١٨ بۆ ١٩ شەپۆلێكی بەفر بارین ناوچە جیاجیاكانی ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.

وتیشی، “پێشبینی ئەكەین بەفر لەھەریەكە لە سەنتەری شارەكانی (دھۆك، سلێمانی، ھەڵەبجە، ھەولێر) ببارێت و پلەكانی گەرمی بەرادەیەكی بەرچاو نزمببنەوە.

ئەو شارەزایەی كەشناسی پێی وایە، “ئەم شەپۆلە بەیەكەم شەپۆلی بەفر بارین دادەنرێت لەماوەی ئەمساڵدا، كە بەو ڕادەیەی چاوەڕوان دەكەین كاریگەری بەھێزتر بێت لە شەپۆلەكانی ڕابردووی بارانبارین و بەفر بارین لەناوچەكەدا”.