سەردێر

هەڤاڵ ئەبوبەكر هەڵوێستی خۆی لەسەر شەڕی پەكەكە ڕاگەیاند

خەڵك-
ماوەی 4 ڕۆژە سوپای توركیا هێرش و ئۆپراسیۆنی بۆ داگیركردنی چیای گارە لە هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە و شەڕێكی قورس لەنێوان پەكەكە و سوپای توركیا بەردەوامە، پارێزگاری سلێمانی-ش دەڵێت: ” شەڕ؛ چارەسەری هیچ شتێك ناكات، تەنها دەتوانێت ئەوەی ئاشتیی بەدەستیهێناوە لە باری ببات”.

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە پەیامێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، شەڕ؛ چارەسەری هیچ شتێك ناكات، تەنها دەتوانێت ئەوەی ئاشتی بەدەستیهێناوە لە باری ببات، ئەزمونی مێژوو بەتایبەتی 100 ساڵی ڕابردوو ئەوەی سەلماندووە: نە دەوڵەتانی ناوچەكە و دنیا دەتوانن بە چەك و هێز و شەڕ؛ كورد لە ناوبەرن، نە كوردیش دەتوانێت هەموو مافەكانی بە چەك و هێزو شەڕ بەدەستبێنێت”.

راشیگەیاندووە، كاتی ئەوەیە بە هێزی لۆژیك نەك لۆژیكی هێز؛ هەموو میللەتان و دەوڵەتانی ناوچەكە، لە ڕێی گفتوگۆ و میكانیزم و زەمینەی ئاشتیانەوە، ئارامی و ئاسایش و سەقامگیریی بێننەكایەوە، متمانە لە نێوان گەلانی ناوچەكەدا؛ دور لە ڕەتكردنەوەی یەكتریی و نیازی ملكەچپێكردن و خۆسەپێنیی، دروست بكەنەوە، بۆ ئەوەی ئاسایش و ئابوری ئەم ناوچەیە ببوژێتەوە و ببێتە مایەی پاراستنی ئاسایش و ئابوریی هەموو جیهان.

پارێزگاری سلیچمانی پێی وایە، “ئاشتی لە عەقڵەوە سەرچاوە دەگرێت و لە مرۆڤ نابێتەوە، شەڕ پشت بە چەك دەبەستێت و ناتوانێت ببێت بەبەشێك لە مرۆڤ”.

جەختیشی كردۆتەوە، ناوچەكە زەمینەی ئاشتیی دەخوازێت نەك شەڕ، گەردون ئاشتی لێكەمە نەك شەڕ، ئایندە ئاشتیی دروستیدەكات و دەیپارێزێت؛ نەك شەڕ و دەشڵێت: “بەڵێ بۆ ئاشتی، نا بۆ شەڕ”.