سەردێر

هەڵوێستی پەڕلەمانتاران، لە ئەگەری ڕێكنەكەوتنی هەرێم و بەغدا

خەڵك-

ئەندامێكی پەڕلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر لەگەڵ بەغدا ڕێكنەكەون پێویستیان بە بۆچوونی سەركردایەتی سیاسی كورد هەیە بۆ هەڵوێست وەرگرتن لەبەرانبەر بەغدا.

هەرچەندە تاكو ئێستا هیچ ڕێككەوتنێك لەنێوان هەرێم و بەغدا نەكراوە، بەڵام بەپێی وتەی بەشێك لە پەڕلەمانتاران دۆخەكە ئەوە دەخوازێت هەردوولا نەرمی بۆ یەكتر بنوێنن تاكو بگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی، بەپێی زانیارییەكانیش ئەمڕۆ شاندی هەرێم دەگەڕێتەوە بەغدا و تاوتوێی دوایین هەڵوێستی لایەنە شیعییەكان دەكرێت.

بەهار مەحمود، ئەندامی پەڕلەمانی عێراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە ئەگەری ڕێكنەكەوتن و پرسی كشانەوە و بایكۆتی پەڕلەمانی عێراق پێویستی بەوە هەیە، كە ئەو بابەتە شی بكەینەوە.
وتیشی، “ناتوانین بە تەنیا بڕیار بدەین، بەڵكو دەبێت سەركردایەتی سیاسی كورد هاوبەش بن لەو بڕیارە و یەك بڕیار بدرێت”.

ئاشكراشیكرد، پێشبینی ناكەم پەیوەندی نێوان هەرێم و ناوەند بگاتە ئەوەی كە ڕێكنەكەون.