سەردێر

شەڕ لە گارە بەردەوامە

خەڵك-

بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان ئەمڕۆ هەینی شەڕ لەنێوان سوپای توركیا و گەریلاكانی هێزەكانی پاراستنی گەل هەپەگە باڵی سەربازی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە بەردەوامە.

بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان لە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆدا فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای توركیا بە چڕی بۆردومانی چیای گارەی كردووە.

بەپێی زانیارییەكان بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكان چەند گوندێكی بناری گارەی سەر بە شارەدێی چەمانكێی بە ئامانج گرتووە.

لای خۆیەوە ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل هەپەگە لە راگەیەنراوێكدا كەمێك لەمەوبەر ئاشكرایكرد شەڕێكی قورس لە گارە بەڕێوەدەچێت، بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكان بەردەوامە، سوپای توركیا هەوڵی دابەزاندنی هێز دەدات لە گارە، بەڵام لەلایەن گەریلاكانەوە رێگری لێ دەكرێت.

هەپەگە راشیگەیاند لە رۆژی 10ی شوباتەوە كە ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیا بۆ سەر گارە دەستیپێكردووە تا ئێستا زیاتر لە 30 سەربازی سوپای توركیا كوژراون.

هاوكات هەپەگە ئامارەكانی كوژرانی گەریلاشی رەتكردووەتەوە كە لەلایەن سوپای توركیاوە بڵاودەكرێنەوە.

هەپەگە ئاماژەی بەوەشكردوو سوپای توركیا نەیتوانیوە پێشڕەوی بكات.

لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگری توركیا لە راگەیەنراوێكدا وێرانكردنی 50 بنكە و بارەگای پەكەكە و كوژرانی زیاتر لە 30 گەریلای پەكەكەی راگەیاندووە.