سەردێر

“ڕۆژانە بارهەڵگر و كەرەستەی جەنگی ئەمریكا دەگەنە ڕۆژئاوای كوردستان”

خەڵك-

ئەندامێكی ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد ڕایدەگەیەنێت، هێشتا ئامانجی ئەمریكا لە ئامادەبوون لە سوریا و هەڵسوكەوتی لەگەڵ كورد ڕوون نییە.

قەدری جان ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردی سوریا ل لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، نوێنەری نوێی ئەمریكا بۆ كاروباری دانوستانی نێوان لایەنە كوردییەكانی سوریا هاتووەتە ناوچەكە و گفتوگۆكانی لەگەڵ لایەنە جیاوازەكاندا دەستپێكردووە، بەڵام هێشتا هیچ باسێك لە ئامانجەكانی ئەمریكا نەكراوە.

وتیشی”چەند ڕۆژێك پێش لە ئێستا وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكیدا ڕایگەیاند، ئامانجی ئەمریكا پاراستنی بیرە نەوتەكانی باكووری سوریا نییە بەڵكو بۆ شەڕی داعش لە سوریایە”.

ئاشكراشیكرد، ڕاگەیەنراوەكەی پنتاگۆن هەڵگری پەیامێكە بۆ پەیەدە كە لە دانوستانی لایەنە كوردییەكاندا كارشكێنی دەكات و هەروەها هەڵگری پەیامە بۆ توركیا و ڕووسیاش.

جەختیلەوەش كردەوە، هەموو ڕۆژێك ژمارەیەك بارهەڵگر و كەرەستەی جەنگی ئەمریكا دەگەنە ڕۆژئاوای كوردستان و ئەمەش بەمانای ئەوەیە كە ئەمریكا لە ئێستادا بەنیازی چۆڵكردنی سوریا نییە.