خەڵك-
ڕەشنووسی بودجەی عێراق جگە لە مادەكانی تایبەت بە پشكی هەرێم كۆتایی هاتووە و بڕیارە دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام بەپێی ڕێكەوتنی هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق تاكو لەگەڵ هەرێمی كوردستان نەگەنە ڕێكەوتن، پرۆژەكە نەخرێتە دەنگدانەوە.
بەپێی زانیارییەكان، گفتوگۆكانی نێوان هەردوو حكومەتی ناوەند و حكومەتی هەرێم لەسەر پشكی هەرێم و دۆسیەی نەوت گەیشتوونەتە چەند خاڵێكی هاوبەش بڕیارە بۆ تەواوكردنی دانوستانەكان و گفتوگۆكردن لەسەر پێشنیازە نوێیەكان سبەینێ شەممە 13ی شوبات شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكاتەوە.
هەر بەپێی زانیارییەكان، بڕیارە لە سەردانی ئەمجارەدا لەسەر بنەمای ئەو داتا و زانیاریانەی هەرێم ڕادەستی بەغدای كردوون، گفتوگۆ لەسەر ووردەكاری ڕەشنوسەكەی لیژنەی دارایی بكرێت.
ئەمەش لەكاتێكدایە، مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕادەستكردنەوەی نەوتی هەرێمی بە نادەستووری لە قەڵەمدا و ئاشكرایكرد، ئێمە ئامدەی ڕێكەوتنین.