سەردێر

سەرۆكی دەزگای دادی ئێران و شاندێكی پارتی كۆبوونەوە

خەڵك-

سەرۆكی دەزگای دادی ئێران لەگەڵ هوشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و نێردراوی تایبەتی مەسعود بارزانی كۆبووەوە.

میدیای ئێرانی بڵاویكردەوە، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆكی دەزگای دادی ئێران لەگەڵ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووەتەوەو لەدیدارەكەدا ئاشكرایكردووە، متمانەكردن بە ئەمریكییەكان هەڵەیە، چونكە ئەوان خەڵكی عێراق یان هەرێمیان خۆش ناوێت و داڵغەی ئاسایشی خەڵكی عێراقیان نییە.

وتیشی”كۆماری ئیسلامی ئێران ئاواتی ئەوەیە خەڵكی هەرێمی كوردستان لە ئاسایش و هێمنایەتیدا بژین و ئەو ڕۆژانەی كوردستانی عێراق كەوتبووە ژێر دەسەڵاتی داعش، خەڵكی ئێران پێیان وابوو ماڵ و حاڵی خۆیان تاڵان كراوە”.

ئاشكراشیكرد، بوونی ئەمریكا لە ناوچەكە بووەتەهۆی شێواندنی ناوچەكە و ئاسایشی خەڵك و تەنیا بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆیان لەوێ سەقامیان گرتووە و بڕوا كردن بەوان هەڵەیە.

جەختیلەوەشكردەوە، وەكو كۆماری ئیسلامی ئێران پێمانخۆشە هەموو گرووپە كوردەكان یەكگرتوو بن و هەموو دووبەرەكی و دژایەتییەكان چارەسەر بكەن.

لای خۆشیەوە هوشیار زێباری نێردراوی تایبەتی مەسعود بارزانیش لە كۆبوونەوەكەدا ڕایگەیاند، ئێران یەكەم وڵات بوو بۆ بەرەنگاری لەگەڵ داعش یارمەتی خەڵكی عێراقیدا.

وتیشی”من و باڵوێزی ئێران لە عێراق بینەری یارمەتی شەهید سولەیمانی بۆ بەرەنگاری لە گەڵ داعش بووین و هەرگیز لەبیری ناكەین”.

زێباری ئامادەیی هەرێمی كوردستانی عێراقی بۆ ڕادەستكردنەوەی تاوانبارە دەربازبووە ئێرانییەكان بە دەزگای دادی ئێران ڕاگەیاند.