سەردێر

ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان: پێشمەرگە لەناو كەركوكدا نییە

خەڵك-
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق، ڕەتیدەكاتەوە هێزەكانی پێشمەرگە لەنێو پارێزگەی كەركوكدا بن.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی (العراقیە) لە زاری لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق بڵاویكردەوە”هێزەكانی سوپای عیراق و پۆلیسی فیدراڵی لە كەركوكدان، هەماهەنگیش لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگەدا هەیە، بەڵام پێشمەرگە لەنێو كەركوكدا نییە”.

بە وتەی خەفاجی”كاریی هاوبەش لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە هەیە بۆ بنبڕكردنی تیرۆر و ڕاوەدونانی پاشماوەكانی، و نەهێشتنی تاوانی ڕێكخراو، بەڵام هیچ جموجۆڵ و بڵاوبوونەوەیەكی هێزەكانی پێشمەرگە لە كەركوكدا نییە”.

هێزەكانی پێشمەرگە لەماوەی چەند ساڵەی شەڕی داعش، لەگەڵ هێزە عیراقییەكان ڕۆڵی كاریگەرییان هەبوو لە پاراستنی پارێزگەی كەركوك و ڕێگرتن لە هاتنەناوەوەی چەكدارانی ڕێكخراوەكە بۆ نێو پارێزگەكە، لەئێستاشدا بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی عیراق، لە دەوروبەری كەركوك كار بۆ زامنكردنی ئاسایشی پارێزگەكە دەكەن و مەترسی تیرۆر لەسەر كەركوك دووردەخەنەوە.