سەردێر

ڕووناکی شەقامەکانی سلێمانی کارناکەن

ڕووناکی شەقامەکانی سلێمانی کارناکەن

سلێمانی – نزار جەزا

شەوانە بەشێک لەشەقامەکانی سلێمانی تاریکە و ڕووناکی سەر شەقامەکان کارناکات، ئەمەش هۆکارێکە بۆ دروستبوونی ڕووداوی هاتوچۆ و تاکو ئێستاش حکومەتى هەرێم و لایەنە بەرپرسەکانی شاری سلێمانی چارەسەریان نەکردووە.

 

دیلمان حەمە نادر سەرۆکی ڕێکخراوی ترافیک بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، ڕۆژنییە ڕووداوەکانی هاتوچۆ نەبینن  و گوێیان لەگیانلەدەستدان و برینداربوون بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە نەبێت، بەشێک لەهۆکاری کەمبوونەوەی ئەم ڕووداوانەش هەبوونی ڕووناکییە لەشەواندا.

 

ئەوەشی خستەڕوو، ڕووناکی لایتەکانی ئۆتۆمبێل تاکو ئاستێک دەتوانرێت بەرزبکرێتەوە، چونکە ناکرێت زۆر بەرزبێت، ئەگەر زۆر بەرزبێت، کاریگەری لەسەر شۆفێری بەرامبەر دروستدەکات و چاوی بەر شەوارە دەکەوێت.

 

زیاتر ڕوونیکردەوە، لایتی نزم ٣٠ مەتر پێش خۆی ڕووناکدەکاتەوە، ڕووناکی بەرزیش ١٠٠ مەتر پێشخۆی رووناکدەکاتەوە، ئەمەش ناکاتە بینینی هەموو شەقامەکە بەلای ڕاست و چەپیشدا، ئەمەش وادەکات ئاستی بینینی شۆفێر کەمببێتەوە، بۆیە شۆفێر پێویستی بەڕووناکی دیکەی سەر شەقامەکان هەیە، بۆئەوەی ئاستی بینینی زیاتر ببێت.

 

ئەوەشی ڕوونکردەوە، شۆفێر کاتێک ئۆتۆمبێل لێدەخوڕێت پێویستە ١٢ چرکە پێش خۆی ببینێت، بۆنمونە کاتێک شۆفێر بەخێرایی ٦٠ کیلۆمەتر لەکاتژمێرێکدا ئۆتۆمبێل لێدەخوڕێت، پێویستی بە بینینی ٢٠٠ مەتر پێشخۆی هەیە، ئەم ڕووناکییەش بەلایتی ئۆتۆمبێل ڕووناکناکرێتەوە، بۆیە دەبێت شەوانە لەسەر شەقامەکان هەم رووناکی هەبێت، هەم فسفۆڕ و هێڵێ فسفۆڕی لەسەر شەقامەکە هەبێت.

 

 

باسی لەئەوەشکرد، کێشەی کارەبا بڕان لەکەم وڵات هەیە، بۆیە کێشەی ڕووناکنەبوونی شەقامەکانیشیان نییە، بەڵام لەو وڵاتانەى وەک هەرێمی کوردستان کێشەی کارەبایان هەیە، کارەبای ڕووناککردنەوەی شاقامەکانیان جیاکردۆتەوە، یان ڕووناککردنەوەکەی دراوەتە کەرتی تایبەت، یان سوود لەوزەى خۆر وەردەگیرێت بۆئەوەی وزە پاشکەوت بکات و شەو شەقامەکانی پێڕووناکبکرێتەوە.

 

وتیشی: مۆدێل بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە زۆرە، بەڵام کێشەکە حکومەتى هەرێمە، کە بیر لەچارەسەرکردنی ناکاتەوە.