سەردێر

ئیسرائیل چۆن فەخریزادەی كوشت؟

خەڵك-

هەفتەنامەی جویش كورونیل نوێترین زانیاری لەسەر تیرۆركردنی فەخریزادە بڵاودەكاتەوە.
هەفتەنامەی جویش كورونیل لە بەریتانیا لە زاری چەند سەرچاوەیەكییەوە كە ناویان ئاشكرا نەكراوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، موحسینی فەخریزادە سەرۆكی دامەزراوەی لێكۆڵینەوەی ئەتۆمی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا كە بە كەسایەتی دیاری پشت بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران ناسراوە، بە چەكێكی زۆر پێشكەوتوو كە كێشەكەی لانی كەم یەك تۆن بووە كوژراوە كە پارچەكانی ئەو چەكەش لانی كەم پێش هەشت مانگ لەلایەن ڕێكخراوی هەواڵگری موسادی ئیسرائیلییەوە بەشێوەی قاچاخ داخڵی ئێران كراون.

ئەو سەرچاوانە ئاشكراشیدەكەن، تیمی تیرۆركردنی فەخریزادە لانی كەم 20 كەسی ئێرانی و ئیسرائیلی بوون هەشت مانگ فەخریزادەیان لەژێر چاودێری توند داناوە.
جویش كورونیل، لە سەرچاوەكانیەوە ئەوەش ڕوون دەكاتەوە، ئامێر و ئامادەكاری و پلانەكانی هەوڵی تیرۆركردنی ئەو بەرپرسە ئێرانییە لە مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوو دەستیپێكردووە.

سوپای پارێزگاری ئەنسارولمەهدی شۆڕشی ئیسلامی ئێران كە ئەركیان پارێزگاریكردنی بەرپرسە باڵاكانی ئێرانە تاكو ئێستا هیچ ڕوونكردنەوەیەكیان لەو بارەوە نەداوە.

هەفتەنامەی جویش كورونیل ئەوەی ئاشكرا كردووە، كە موسادی ئیسرائیلی ئامێرێكیان بۆ چاودێریكردنی فەخریزادە دابین كردووە كە دەقە بە دەقە ئاگاداری جموجوڵەكانی بوون، بەشێوەیەك ئەوان بۆ ماوەی هەشت مانگ، لەگەڵ ئەو پیاوە هەناسەیان داوە و لەگەڵی بە خەبەر بوون و لەگەڵ ئەویش نووستوون، تەنانەت لەگەڵ ئەویش گەشتیان كردووە.

تیمی موساد ئەوەی زانیوە كە موحسین فەخریزادە ڕۆژانی هەینی شاری تاران جێدەهێڵێت بەرەو ڤێلاكەی لە دەرەوەی ئەو پارێزگایە دەڕوات، بەشێوەیەك تیمەكە شوێنی هاتوچۆی ڕۆژانە و خێرایی ئۆتۆمبێلەكە و كاتی ڕۆیشتنیان زانیوە و بە ووردی زانیویانە لە كام دەرگاوە دێتە دەرەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، ئەو ڕۆژەی ڕووداوەكە ڕوویداوە، لەو خاڵەی دیاریكراوە و فەخریزادە تێیپەڕاندووە، پەنجەیان بە دوگمەیەكدا ناوە و تەقە دەستیپێكردووە و 13 گوللە بەر دەرگای ئۆتۆمبێلی فەخریزاد دەكەوێت، لەكاتێكدا هاوسەرەكەی 25 سانتیمەتر لە دووری فەخریزادەوە دانیشتووە هیچ زیانێكی بەرنەكەوتووە.

عەلی فەدەوی جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لێدوانێكی هاوشێوەی بڵاوكردەوە، چونكە ئەوكات ئەو ڕایگەیاندبوو هیچ بكوژێك لەو ناوچەیە نەبوو، بەڵكو بكوژ بەشێوەیەكی ئۆنلاین لەسەر ئۆتۆمبێلەكە تەقەی كردووە.

بە وتەی فەدەوی، لەكاتی ئەو هێرشەدا 11 كەس وەك پارێزگاری فەخریزادە لەگەڵی بوون، بەڵام تەقەكەر بە دووربینێكی زۆر پێشكەوتوو سەیری ڕوخساری فەخریزادەی كردووە و 13 گولەی ڕووەوە ئۆتۆمبێلە نیسانەكەی فەخریزادە تەقاندووە و تەنها كەسێكی دیكە گولەی بەركەوتووە كە بەرپرسی پارێزەرەكانی ناوبراو بووە و 4 گوللەی بەركەوتووە.

لەكاتی ڕووداوەكەدا هیچ زیانێك بەر پارێزەرەكانی فەخریزادە نەكەوتووە و بەپێی ڕاپۆرتەكەش چەكەكە لەسەر ئۆتۆمبێلێك جێگیر كراوە و زۆر قورس بووە و بەشێوەیەك بووە دوای تەقینەوەی هیچ پاشماوەیەكی چەكەكە بوونی نەماوە.

ئیسرائیل ئەم كردەوەیەی بە تەنیا بەبێ هاوكاری ئەمریكا ئەنجام داوە، هەرچەندە پێش هێرشەكە بابەتێكی بچوكیان لای حكومەتی تڕەمپ دركاندبوو.

موحسین فەخریزادە ڕۆژی هەینی 27-11-2020 لە شەقامی ئابسەردی هەڵكەوتوو لە 80 كیلۆمەتری ڕۆژهەڵاتی شاری تارانەوە تیرۆر كرا.
ئەوكات ڕاگەیاندنەكانی ئێران ئاشكرایانكرد، فەخریزادە لەگەڵ هاوسەری بە ئۆتۆمبێلێكی كەسی خۆیان لەكاتی گەڕانەوەدا بوون بەرەو تاران كراونەتە ئامانج.