سەردێر

لە كاتی زیادبوونی كۆرۆنا دەوامی خوێندن رادەگیرێـتەوە

جێگری وەزیری پەروەردە: قوتابخانە خراپترین شوێنە بۆ بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا

خەڵك-

بریكاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر كۆرۆنا ببێتەوە بەهەڕەشەیەكی گشتگیر، ئێمەش ناچارین هەنگاوی گشتگیر بنێین.

سەیوان عەلی بریكاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، پێشبینی ناكەم بتوانین لە هاویندا دەوام بكەین و بڕیارێكمان نییە كە هاوین دەوامی تێدابكەین لەبەر ئەو گەرمایە و لەبەر ئەو بارودۆخەی بەسەر كوردستاندا هاتووە، وەكو دەزانین هاوین دەگاتە 45 پلە كەواتە دەبێت هەرچی قوتابخانەیە سپلێتی تێدا بێت و ئامێری موبەریدە بەش ناكات و قوتابییەكان بێزار دەبن.

سەبارەت بەوەی ئەگەر جارێكی تر ڕێژەی تووشبوون بەكۆرۆنا لەكوردستاندا بەرز بێتەوە، ناوبراو ڕایگەیاند، ئەگەر خوانەخواستە ڤایرۆسی كۆرۆنا گەشە بسەنێت و ببێتەهۆی هەڕەشە لەژیانی قوتابییەكان و مامۆستا بەڕێزەكان، ئەوكاتە ناچار دەبین هەنگاوی تر بنێین كە بەپێی لێكدانەوەكان ناچار دەبین دەوام ڕابگرین.

دەربارەی دەنگۆی بوونی كۆرۆنا لە چەند قوتابخانەیەك سەیوان عەلی وتی: بەشێوەی ڕەسمی تا ئەمساتە هیچ شتێكمان پێنەگەیشتووە، بەدڵناییەوە ئێمە بەدواداچوونی بۆ دەكەین و لە ڕاستی و دروستی ئەو هەواڵە دەكۆڵینەوەو لەو حاڵەتە ئەگەر ڕاست بێت پەروەردەی گشتی ئەو مافەی دراوەتێ كە قوتابخانەیەك دابخات.

راشیگەیاند قوتابخانەكان لەوانەیە مەترسیدارترین شوێن بن بۆ مەسەلەی بڵاوبوونەوە و گەشەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەبەرئەوە ئێمە قوتابخانەكانمان داخستبوو، هیچ شوێنێك نییە وەكو وەزارەتی پەروەردە خەڵك بەكۆمەڵ لەوێ كۆببێتەوە.