سەردێر

نزیكەی 2 مليۆن مامۆستا و خوێندكار و فەرمانبەر گەڕاونەتەوە دەوام

خەڵك-ئارام سەردار

وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، نزیكەی دوو ملیۆن مامۆستا و فەرمانبەر و خوێندكار گەڕاونەتەوە ناوەندەكانی خوێندن، بۆیە تۆماركردنی تووشبوون بەكۆڕۆنا هەیە، بەڵام زۆر كەمە.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ئێمە بەپشت بەستن بەهەڵسەنگاندنی تەندروستی دەرگای قوتابخانەكانمان كردۆتەوە، بەڵام بەم مانایە نا كەوا ڤایرۆسەكە نەماوە یان خەمسارد بین، بەڵكو بەكارهێنانی دەمامك و پاككرەوە و تێستی گەرمی پێو پێویستە بۆ خوێندكاران و مامۆستا و فەرمانبەران.

دەشڵێت، ڕۆژانە لەكوردستان تووشبوون تۆمار دەكرێت، ناوەندەكانی خوێندن بەدەر نابن، بۆیە داوا دەكەم میدیاكان زەمینەسازی نەكەن بۆ ئەوەی ئێمە دەستمان بەپڕۆسەی خوێندن كردۆتەوە قوتابخانەیەك بەئامانج بگیرێت یان ژمارەیەك خوێندكار تووشی ڤایرۆسەكە بوون، ئێمە تەمەننای ئەوە دەكەین هیچ تووشبوون نەبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی لەناو كۆمەڵگا هەیە تووشبوون هەیە، تۆماریشكراوە، بەڵام زۆر كەمە، چونكە ئێمە خاوەنی ملیۆنێك و ٧١٥هەزار خوێندكارین لەكەرتی حكومی و زیاتر لە ١٠٠ هەزار خوێندكار لە قوتابخانەی ناحكومیش هەن، لەگەڵ ١٣٠ هەزار مامۆستای دامەزراو و ٣٠ هەزار فەرمانبەر و وانەبێژ دەبێت ڕەچاوی خۆپارێزی بكرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، داوا دەكەم بەوریایی مامەڵە بكەن، داواشمان كردووە لەشارەكان چەند بنكەیەك بۆ پشكنینی مامۆستا و خوێندكاران بكرێت بەخۆڕایی.

لەبارەی لیستی مووچەی وانەبێژان وتی، شایستەیەكی دارایی بڕاوەیان بۆ دابین كراوە، سەرۆكی حكومەتیش ڕەزامەندی داوە و ڕەزامەندی وەزارەتی دارییش وەرگیراوە و هەفتەی ئایندە شایستەی دارایی مامۆستایانی وانەبێژ خەرج دەكرێت.