سەردێر

سەربازێكی دیكەی توركیا كوژرا

شەڕ بەردەوامە

خەڵك-

وەزارەتی بەرگری توركیا كوژرانی سەربازێكی دیكەی لە شەڕی گارە لەگەڵ پەكەكە راگەیاند كە بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەست دا.

وەزارەتی بەرگری توركیا لە راگەیەنراوێكدا رونیكردەوە سەربازێكی ئەو وڵاتە لە شەڕی دوێنێی چیای گارە لەگەڵ پەكەكە بریندار ببوو، ئەمڕۆ گیانی لەدەست دا.

شەوی رابردووش وەزارەتی بەرگری توركیا كوژرانی 2 سەربازی دیكەی لە شەڕەكەی دوێنێی گارە راگەیاند لەگەڵ برینداربوونی 4 سەرباز.

لای خۆیەوە هێزەكانی پاراستنی گەل هەپەگە كوژرانی سەربازێك و برینداربوونی 4ی دیكەی راگەیاند.

هاوكات ئاژانسی دەنگوباسی فوڕاتی نزیك لە پەكەكە كوژرانی 9 سەربازی توركیا راگەیاند لە ئەمڕۆ پێنج شەممە.

لەبەرەبەیانی رۆژی 10ی شوباتەوە سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆ2ی بۆ سەر چیای گارەی سەر بە ئامێدی لە سنوری پارێزگای دهۆك لە دەڤەری بادینان دەستپێكردووە و بەپێی سەرچاوەكان شەڕی قورس لەوێ بەڕێوەدەچێت.

سەرچاوەكانی نزیك لە هەپەگە رایانگەیاند كاروانێكی سەربازانی توركیا كەوتوونەتە بۆسەی گەریلاكان و گورزی توندیان لێوەشێندراوە.

هاوكات بەپێی ئەو سەرچاوانە، سوپای توركیا بە چڕی كەمپی راگرتنی دەستگیركراوان لە گارە بۆردومان دەكەن.