سەردێر

كاكەییەكان دێیەكانیان چۆڵدەكەن

خەڵك-

گەڕانەوەی چەكدارەكانی داعش، ترسی لەنێو كاكەییەكاندا دروستكردووە، هەندێك گوندەكانیان چۆڵ دەكەن لە ترسی كردنە ئامانجیان لەلایەن داعشەوە بۆ جارێكی دیكە.

كاكەییەكان پێكهاتەیەكی ئاینین لە هەرێمی كوردستان لە ساڵانی رابردوودا لەلایەن داعشەوە كراونەتە ئامانج كە ژمارەیان نزیكەی 75 هەزار كەس دەبێت لە عێراقدا.

كوێخا عەزیز سەركردەی كۆمەڵەی كاكەیی بۆ دەنگی ئەمریكا دەڵێت: تیرۆری قاعیدە و داعش لەسەرەتای هاتنیانەوە بووە بە كۆتاییهێنان بە 450 كەسی گەلەكەمان لە ناوچەكە.

زۆینەی كاكەییەكان لە 12 دێ لە پارێزگای كەركوكی دەوڵەمەند بە نەوت دەژین، كە بەشێكە لە ناوچە كێشە لەسەرەكان.

ساڵی رابردوو لە هێرشێكی داعشدا 7 كەسی كاكەیی كوژران لە نزیك سنوورەكانی عێراق و ئێران.

بەرپرسانی كورد دەڵێن، هێرش و چالاكییەكانی داعش لە ناوچەكە لە رۆژانی رابردوو زیادیكردووە، بەهۆیەوە ژمارەیەك لە كاكەییەكان لە دێیەكانیان ئاوارە بوون.

لە مانگی رابردوو رێكخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشە خۆكوژییەكانی بەغدا راگەیاند كە بەهۆیەوە 32 كەس كوژران لە یەكەم هێرشی بێ وێنەدا لە ماوەی 3 ساڵی رابردوودا.