سەردێر

توركیا بە مەرج دەستبەرداری ئێس 400 دەبێت

توركیا دەستبەرداری سیستمی مووشەكی ئێس 400 دەبێت بەمەرجێك ئەمریكا دەستبەرداری هێزەكانی سوریای دیموكرات بێت.


لەگەڵ دەستبەكار بوونی ئیدارەكەی جۆ بایدن توركیا لە هەوڵی ئەوەدایە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا ئاسایی بكاتەوە، كە پێشتر لەسەر گرێبەستی كڕینی سیستمی مووشەكی ئێس 400 گرژی تێكەوتبوو.

ئاژانسی بلۆمبێرگ لەزاری چەند لێپرسراوێكی توركیا بڵاویكردەوە، حكومەتەكەی ئەردۆغان ئامادەیە دەستبەرداری سیستمی مووشەكی ئێس 400 بێت بەومەرجەی ئەمریكا چیتر پشتگیری هێزەكانی سوریای دیموكرات نەكات، چونكە ئەو هێزە (بە مەترسی بۆ سەر ئەنقەرە دەزانن).

ئەو لێپرسراوە توركانە كە ناویان ئاشكرا نەكراوە بە ئاژانسەكەیان ڕاگەیاندووە، دەسەڵاتدارانی توركیا لە هەوڵی ئەوەدان بە پتەوكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیدارەی واشنتۆن، چونكە مەترسی ئەوەیان هەیە هاوكارییەكانی ئەمریكا لەبواری چاككردنەوەی سیستمی چەكە ئەمریكییەكان لێببڕدرێت كە سوپای توركیا خاوەندارییەتی دەكات.

ئاماژەبەوەشدراوە، هۆكارێكێكی تری دەستبەردابوونی سیستمی مووشەكی ئێس 400 بۆ ئەوەیە سزای نوێ‌ بەسەر توركیادا نەسەپێنرێت كە كاربكاتە سەر ئابوورییەكەی و ڕووبەڕووی قەبرانی نوێ‌ نەبێتەوە.

جێی ئاماژەیە، لە ساڵی 2019دا پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئەمریكا، بەهۆی گرێبەستی كڕینی سیستمی مووشەكی ئێس 400ی ڕوسی گرژی تێكەوت و ئیدارەی واشنتۆن بڕیاریدا بە ڕاگرتنی فرۆشتنی سیستمی بەرگری (پاتریۆت) بە ئەنقەرە، هەروەها سزای بەسەر چەندین كۆمپانیای توركیادا سەپاند.

خەڵك – بەشی هەواڵ