سەردێر

سیمینارێكی یاسایی بەڕێوەچوو

ڕێكخراوی تەحكیمی كوردستان خولێكی یاسایی بۆ ماوەی نۆ هەفتە بۆ ژمارەیەك لەپارێزەر و یاساناس كردەوە، كە ئەمڕۆ لەسیمینارێكیاندا باس لەچۆنیەتی بوونە پارێزەری سەركەوتوو كرا.

ئەمڕۆ چوار شەممە پارێزەری ڕاوێژكار بەرهەم ڕەئووف، كە بەڕێوەبەری كۆمپانیای میزان عەدالەیە بۆ ڕاوێژكاریی یاسایی، لەچوارچێوەی ئەو خولەدا سیمینارێكی لەبارەی چۆنیەتی بوون بەپارێزەری سەركەوتوو پێشكەشكرد.

پارێزەری ڕاوێژكار بەرهەم ڕەئووف بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەژێر ڕۆشنایی یاسای پارێزەرایەتیی ساڵی 1999 كە لەپەرلەمانی كوردستان دەرچووە سیمینارەكە پێشكەشكراوە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، سەركەوتویی پارێزەر كەوتووەتە سەر توانا و لێهاتویی كەسەكە خۆی، چونكە ئەو كەسانەی بڕوانامەی زانكۆ وەردەگرن لەسەرەتای ڕێگاكەدان، ئەو كەسانە پێویستیان بە كۆمەڵێك هەنگاوی كرداری و چاودێریی هەمواری یاساكان و خوێندنەوەی بەردەوام هەیە.

پارێزەری ڕاوێژكار بەرهەم ڕەئووف ئەوەشی خستەڕوو، لەسەرەتادا كە پارێزەر دێتە ناو كارەوە، ڕووبەڕووی دوو گرفت دەبێتەوە ئەویش ئەزموون و شارەزاییەكی باشی نییە و پاڵپشتییەكی دارایی نییە، بۆیە لەسەرەتاوە پێویستە خۆی پڕبكات لەزانیاری و ئارامبگرێ و دانبەخۆیدا بگرێ، تا چەند هەنگاوێك دەچێتە پێشەوە.

زیاتر ڕوونیكردەوە، پارێزەر تا سێ ساڵ پێیدەوترێت پارێزەری ڕاهێنراو، كە ناتوانێت هەموو كەیسێك وەربگرێت، بۆیە لەم سێ ساڵەدا نابێت پەلەپەل بكرێت، تا ئەوكاتەی خۆی جێگیردەكات و ئاستی خۆی لەڕووی زانست و زانیاری دەباتەپێشەوە.

ئامانج لەڕێكخستنی ئەم خولە ئامادەكردن و گەشەپێدانی ئەو پارێزەرانەیە، كە تازە دێنە ناو بواری پارێزەرایەتییەوە، یان دەیانەوێت گەشە بەخۆیانبدەن.

بەرهەم ڕەئووف ئەوەشی ئاشكراكرد، كردنەوەی ئەم جۆرە خولانە زۆر باشن و جێگەی دەستخۆشییە، چونكە پارێزەران پێویستیان بەبینینی ئەزموونی كەسانی ترە و زانیاری زیاتر وەربگرن، بۆیە وەك كۆمپانیای میزان عەدالەش بەنیازن لەماوەی داهاتوودا خولێكی یاسایی بكەنەوە، كە دواتر كات و شوێنەكەی ئاشكرادەكەن.

پارێزەر یەكێكە لەپیشە گرنگەكان، كە پێویستی بەزانیارییەكی زۆر ورد هەیە دەربارەی یاسا بەركارەكان، بەمەبەستی گێڕانەوەی ماف بۆ خاوەن ماف و بەرگریكردن لەكەسانی مافخوراو.

خەڵك ـ بەشی هەواڵ