سەردێر

دەقی وەڵامی حكومەتی هەرێم بۆ حكومەتی عیراق ئاشكرابوو

خەڵك-
حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق دەداتەوە سەبارەت بە پشكی بودجەی هەرێم و ڕادەستكردنی دۆسیەی نەوت.

بەپێی نووسراوێكی حكومەتی هەرێم، كە لە میدیا عیراقییەكان بڵاوكراوەتەوە، وەڵامی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق دراوەتەوە سەبارەت بە دیاری كردنی پشكی هەرێم لە بودجە بەرامبەر بە ڕادەستكردنی دۆسیەی نەوت.

وەك لە نووسراوەكەدا ئاماژەی پێ‌ كراوە، “حكومەتی هەرێم ئامادەیە تەواوی نەوت ڕادەستی عیراق بكات لەبەرامبەردا حكومەتی فیدڕاڵی تەواوی شایستە داراییەكانی هەرێم بدات تەنانەت تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و ئەمباركردن و قەرزەكانی سەر هەرێم”.

هاوكات، حكومەتی هەرێم جەختی لە پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەكان كردووە و ئامادەیی دەربڕیوە عیراق پێداچوونەوە بە گرێبەستەكان بكات بەپێی دەستوور.

هەر لە نووسراوەكەدا هاتووە، “هیچ ڕێگرییەك نییە لەوەی دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی پێداچوونەوە و وردبینی لە داتاكانی هەرێم بكات”.

بەڵام تا ئێستا حكومەتی هەرێم هیچ ڕوونكردنەوەیەكی لەسەر ئەو نووسراوە بڵاونەكردۆتەوە.