سەردێر

لە سلێمانی گەنجێك هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەی لە كچێك كردووە

خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، تۆمەتبارێك دەستگیركرا، كە ھەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەی لەكچێك كردبوو.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەیوان تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد، كە ھەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەی لەكچێك كردبوو ئەگەر بڕێك پارەی پێنەدا.

ڕاشیگەیاندووە، پاش ئەوەی كچێك سكاڵای یاسایی لەسەر تۆمەتبارێك تۆمار كرد بەناوی (م، ز، ح لەدایكبووی ١٩٧٥) كە ھەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەكانی لێكردبوو ئەگەر بڕێك پارەی پێنەدا، پێشتریش بەھەمان ھۆكار بڕی پێنج ملیۆن دیناری لێسەندبوو، ھێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكرد و زانیاری پێویستیان لەسەر تۆمەتبارەكە كۆكردەوە.

ڕوونیشی كردۆتەوە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا لەماوەیەكی كەمدا تۆمەتباری ناوبراو بدۆزرێتەوە و لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەیوانەوە دەستگیر بكرێت.

ئاشكراشی كردووە، لەكاتی لێكۆڵینەوەدا تۆمەتبارەكە دانی بەتاوانەكەیدا ناوە و لەئێستادا بەبڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە و بەپێی ماددەی (٢) لەیاسای خراپ بەكارھێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیدا بەردەوامە.

No photo description available.