سەردێر

چەند بڕیارێك بۆ عومرەكاران و كۆمپانیاكانی عومرە دەرچوو

خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم چەند بڕیارێك بۆ كۆمپانیاكانی گواستنەوەی عومرەكاران دەركات و وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمیش ڕایدەگەیەنێت، دوای وەستانی بۆ ماوەی ساڵێك بەھۆی كۆرۆناوە گەشتەكانی عومرە دەستپێدەكەنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم لە نووسراوێكدا، كە دەست (خەڵك) كەوتووە، چەند مەرج و ڕێنماییەكی بۆ كۆمپانیاكانی گواستنەوەی عومرەكاران داناوە و ڕاشیگەیاندووە، هەر كۆمپانیایەك ئارەزووی گواستنەوەی عومرەكاران دەكات تاكو ١٨⁄ ٢⁄ ٢٠٢١ سەردانی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی پارێزگاكان بكەن بۆ تەواو كردنی رێكارە یاسایەكانی تایبەت بەگواستنەوەی عومرەكاران.

وەك لە مەرج و ڕێنماییەكاندا هاتووە، “هەر كۆمپانیایەك بارمتەی یاسای دابنێت و لەسنووری جوگرافی خۆی بەپێی پسووڵەی خۆراك كاربكات و بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ (دەڵاڵ) مامەڵە نەكات و ڤیزەی عومرەكار دوای هەفتەیەك لە دەستپێكردنەوەی گەشتەكان كاری پێ‌ دەكرێت”.

جەختیشی كردۆتەوە، “كۆمپانیاكە گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیاكانی حەج و عومرەی سعودیە هەبێت و پابەندی ئەو نرخەبێت، كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەوە دیاری دەكرێت”.

لای خۆشیەوە، نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، دوای ئاڕاستەكردنی نووسراوێك لەلایەن وەزارەتمان بۆ وەزارەتی تەندروستی هەرێم لەمەڕ ڕێكارەكانی چۆنیەتی دەست پێكردنەوەی گەشتەكانی عومرەی عومرەكاران، وەزارەتی تەندروستی ھەرێم بەپێی چەند مەرج و ڕێنماییەكی خۆپارێزی وەڵامی وەزارەتمانی دایەوە.

ڕاشیگەیاند، دوای وەستانی بۆ ماوەی ساڵێك بەھۆی كۆرۆناوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە بەپێی ڕێنمایی نوێ گەشتەكانی عومرە دەست پێدەكاتەوە.

وەك لە ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە، “دەبێت هەموو عومرەكارێك 48 كاتژمێر پێش دەستپێكردنی گەشتەكەی پشكنینی كۆرۆنا بكات و ڕێكارەكانی خۆپارێزی وەك (بەستنی دەمامك و دووركەوتنەوە لە قەرەباڵغی و بوونی مەودای نزیكەی 2 مەتر) پەیڕەو بكات”.

ئاماژە بەوەشكراوە، ئەوانەی نیشانەكانیان تێدا دەردەكەوێت دەخرێنە ژێر چاودێری پزیشكی دوای نەمانی نیشانەكانیش دووبارە پكشنینیان بۆ ئەنجام دەدرێتەوە و هەر عومرەكارێك دوای گەڕانەوەی 8 ڕۆژ كەرەنتین دەكرێت.