سەردێر

فەتح وەڵامی مەسرور بارزانی دەداتەوە

خەڵك-
هاوپەیمانی فەتح كە لەلایەن هادی عامرییەوە سەركردایەتی دەكرێت، وڵامی لێدوانەكانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەداتەوە و دەڵێت، دەستور نەوت بە سامانی هەموو عیراقییەكان دادەنێت و جەخت لەسەر دابەشكردنی دەكاتەوە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە.

محەمەد بەلداوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند، “دەستور بەشێوەیەكی ڕاشكاوانە ئاماژەی بە نەوت كردووە كە سامانیكە بۆ هەموو ڕۆڵەكانی گەلی عیراق، ناكرێت لەمڕۆدا چاو لەوە بخەوێنین كە نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە هەناردە دەكرێت لەسەر حیسابی خەڵكی بەسرە، ناكرێت تۆ لەمڕۆدا نەوتی بەسرەو و عەممارە و نەوتی ناوەڕاست و باشوور بۆخۆت ببەیت و داهاتی نەوتی خۆت لە هەمان كاتدا ڕادەستی خەزێنەی دەوڵەت نەكەیت”.

بە وتەی بەلداوی، “ئەمە هێنانەدی دادپەروەریی پێناڵێن، دادپەروەریی لەوەدایە كە هەموان یەكسان و چوونیەك بن، یەكسانی لەوەدایە بە یەكسانی تەماشای هەموان بكەیت، ئاشكراشە پارێزگەكانی باشوور لە سەردەمی ڕژێمی لەناوچوودا دووچاری پەراوێزوخستن بوونەوە و لە دوای ساڵی 2003ش بە هەمان شێوە مافی خۆیان پێنەدرا، بۆیە دەبێت ئاوڕ لەوانیش بدرێتەوە و چی دی مافەكانیان پشتگوێ‌ نەخرێت”.

پەرلەمانتارەكەی فەتح دەڵێت:”ئێمە دەمانەوێت هەموو لایەنەكان مافی خۆیان وەربگرن، بەدوور لە لێدوانە سیاسییەكان، ئێمە نابێت لەسەر بنەمای لێدوانە میدیاییەكان مامەڵە بكەین، پێویستە دیالۆگێكی بنیاتنەر و عەقڵانی دروستبكەین بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم جۆرە پرسانە، قسەكردن لەسەر ئەوەی كە نەوت ڕادەست ناكەم ڕاست نییە، چونكە ئەزمونێكی تاڵمان لەوبارەیەوە هەیە كە خۆیان لە دەنگداندا بینیەوە لە پەرلەمان بە زۆرینە، بە تایبەتیش لەسەر یاسای قەرزكردن”.

بەلداوی پێیوایە، “دانوستانەكان بەهۆی سوربوون لەسەر هەڵوێستێكی دیاریی كراو دووچاری شكست بوون، زەرەرمەندیش لەو ڕووەوە ڕۆڵەكانی گەلی كوردستانە كە ئێمە نامانەوێت مافەكانیان بخورێت، بەڵام لە هەمان كاتیشدا نامانەوێت لەسەر مافی دانیشتوانی پارێزگەكانی بەسرە و عەممارە و پارێزگەكانی تری عیراق بێت”.

ئەمڕۆ چوار شەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا دەربارەی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا ڕایگەیاند، “حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرگری لە ئەو رێككەوتنە دەكات كە لەگەڵ حكومەتی عێراق كردوویەتی بۆ بودجە، یان داڕشتنەوەیەكی ئەو ڕێككەوتنە”.

بە وتەی بارزانی، “كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان تەنها لە بودجەدا كورت نابێتەوە، بەڵكو كێشەی دیكەی سیاسیش هەن، بە نمونەی مادەی 140 و كۆتاییهێنان بە كێشە و گرفتەكانی ئەو ناوچانە”.

سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەڵێت: “پێشنیازی دیكەش لە گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدادا هەن، بەڵام ناچینە نێو وردەكارییەكانەوە و شاندی گفتوگۆكار هەیە”.

بە بۆچوونی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، “تێكچوونی قەوارەی هەرێمی كوردستان زیان بە هەموولایەك دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە لە یاسای بودجە و هەنگاوەكانی دیكەش پشتیوانی هەرێمی كوردستان بن، رادەستكردنی سەرجەم دۆسێی نەوتیش بە بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور نییە، بەڵام ئامادەین نیوەی داهاتی نانەوتی و 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بكەین”.