خەڵك؛ وردەكاری كوژرانی ژنێك لەلایەن هاوسەرەكەیەوە بڵاودەكاتەوە

سەردێر

خەڵك-
لە بەحركە لە هەولێر ژنێك بە كوژراوی لە ناو ماڵەكەی خۆیدا دۆزرایەوە و وتەبێژی پۆلیسی هەولێریش دەڵێت: “لەلایەن هاوسەرەكەیەوە كوژراوە و دوو مانگە هاوسەرگیرییان كردووە”.

ڕائید هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، “بەڕێوەبەرایەتی بەشی پۆلیسی عەنكاوە/ بنكەی پۆلیسی بەحركە ئاگاداركرانەوە بەبوونی ڕووداوێكی كوشتن لە بەحركە، هێزەكانیان جوڵە پێكرد بۆ شوێنی ڕووداو، دەركەوت كەوا ئافرەتێك بەناوی (دنیا اراس عاصی)، تەمەن (٢٥) ساڵ، لە ناو ماڵەكەی خۆی بە گوللـە كوژراوە و تۆمەتبار لە شوێنی ڕووداو ڕایكردوە”.

ڕاشیگەیاند، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ئەم ڕووداوە كرایەوە و دەستكرا بە لێكۆڵینەوە، دوای وەرگرتنی زانیاری توانرا شوێنی تۆمەتبار دەست نیشان بكرێت و لەماوەی كەمتر لە (٢٤) كاتژمێر دەستگیر بكرێت.

ڕائید هۆگر وتیشی، “تۆمەتبار بەناوی (ن. خ. ا.)، تەمەن (٣٢) ساڵ، دوای دەستگیر كردنی، پەڕاوەكەی ڕادەستی دادگا كرا و فەرمانی دەستگیر كردنەكەی بۆ جێبەجێكرا بەپێی ماددە (٤٠٦) لە یاسای سزادان “.

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاشكراشی كرد، تۆمەتبار ماوەی (٢) مانگە ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ ناوبراوی سەرەوە پێكهێنابوو.