خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی لێكتێنەگەیشتنەوە شەڕ لەنێوان هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە ڕوویداوە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ (10/2/2021) كاتژمێر (10:30)ی سەر لەبەیانی لەبازگەی تاسڵوجە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لەكاتی تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلێكی سەر بە هێزەكانی پێشمەرگە لەنێوان پێشمەرگەكان و كارمەندانی بازگەكە لێكتێنەگەیشتنێك ڕوویداوە لەئەنجامدا بووەتە دەمەقاڵێ و شەڕ لەلایەن پێشمەرگەكانەوە بەچەقوو هێرش كراوەتەسەر چەند كارمەندێكی ئاسایش و برینداركراون.
ئاشكراشیدەكات، بەداخەوە (عەریف/ شاخەوان ئەحمەد مەحمود) كارمەندنی ئاسایشی بازگەی تاسڵوجە بەهۆی سەختی برینەكەی شەهید بوو و پێنج كارمەندی دیكەش بریندار بوون.
ڕوونیشیكردەوە، دوای دروستبوونی كێشەكە توانرا بەهەوڵ و هیمەتی هەموو لایەك ئاڵووزییەكان كۆتایی پێبهێنرێت و دەستبەجێ لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكهێنرا بۆ ئەوەی یاسا بەرقەرار بێت، هەردوو لایەنی هۆكاری دروستبوونی كێشەكە بەفەرمانی دادوەر ڕاگیراون، لێرەوە پرسە وسەرەخۆشی خۆمان بۆ گیانی پاكی ئەو هاوڕێیەمان ڕادەگەیەنین و خوازیارین دوا كۆستیان بێت.