سەردێر

“هەرێم متمانەی لای بەغدا نەماوە”

خەڵك-

ئەندامێكی پەڕلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، مامەڵەكردن لەسەر پاشگەزبوونەوەی حكومەتی هەرێم و بەغدا دوای ڕێكەوتنیان دەكەوێتەسەر ئەو مادەیەی لە یاسای بودجەدا جێگیر دەكرێت.

هەرچەندە بڕیار بوو لەم هەفتەیەدا شاندی باڵای حكومەتی هەرێم بگەڕێتەوە بۆ بەغدا و دوایین كۆبوونەوە لەسەر ڕێكەوتنی هەردوولا ئەنجام بدەن، بەڵام تاكو ئێستا شاندەكە نەڕۆیشتوون و بەپێی ڕێكەوتنی نێوان هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراقیش دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق دواخراوە تا ئەوكاتەی هەرێم و بەغدا دەكەنە ڕێكەوتن.

بەهار مەحمود ئەندامی پەڕلەمانی عێراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پێشبینی دەكەم لەسەر یەكێك لەو دوو پێشنیارە ڕێكەوتن بكرێت، كە یەكێكیان پێشنیارەكەی وەزیری نەوتی عێراقە كە ڕایگەیاندووە”ئیدارەی مەلەفی نەوت بە هاوبەشی بێت، بەشێوەیەك دەرهێنان و دۆزینەوەی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بێت و فرۆشتن و بە بازاڕكردنی لەلایەن حكومەتی بەغداوە بێت” پێشنیاری دووەمیش ڕێكەوتن لەسەر ئەو مادەیەی لە ڕێكەوتنی حكومەتی هەرێم و ناوەندەوە هاتووە.

وتیشی”كێشەكە لەوەدایە هەرێم متمانەی نەماوە، ئەگەر ئەو بابەتە جێگیربكرێت پابەند دەبێت، یان نا، چونكە لە ساڵی 2019 ئەزموونێكی خراپمان بینی كە پابەند نەبووین بە ڕێكەوتن، بەڵام ئەوكاتە لە یاسای بودجە بڕگەیەكمان جێگیر كرد، كە ئەگەر هەرێم پابەند نەبوو لە بودجەكەی ببڕدرێت، بەڵام ئێستا ناگونجێت و شیعەكان قبوڵی بڕگەیەكی لەو شێوەیە ناكەن”.

سەبارەت بە ئەگەری پاشگەزبوونەوە دوای ڕێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، بەهار مەحمود ئاشكرایكرد، ئەو بابەتە دەكەوێتەسەر ئەو مادەیەی جێگیر دەكرێت لەناو بودجەدا، ئەگەر مادەكە وەكو ئەوە بێت لە یاسای كورتهێنان جێگیر كرا، هیچ كەسێك دەسەڵاتی نییە و هەركەس بودجە بنێرێت بۆ هەرێم بەبێ ئەوەی نەوت ڕادەستبكات، لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێت، بەڵام ئەگەر هەرێم یان بەغدا لە داهاتوودا پابەند نەبن، دەبێت چارەسەری ئەو بابەتە دابنرێت لەناو یاساكە، ئیتر چۆن چارەسەر دەكرێت دیار نییە.