خەڵك-
ئاژانسی هەواڵی فوڕاتی نزیك لە پەكەكە بڵاویكردەوە شەڕێكی قورس لەنێوان سوپای توركیا و گەریلاكانی پەكەكە لە چیای گارە لە سنوری شارۆچكەی ئامێدی لەدەڤەری بادینان لە سنوری پارێزگای دهۆك بەردەوامە.
ئاژانسەكە، بڵاویشیكردەوە فڕۆكەكانی توركیا هێزێكی زۆریان لە چیای گارە دابەزاندووە و گەریلاكانیش بەرەوڕوویان بوونەتەوە.
هاوكات وەزارەتی بەرگری توركیا لە راگەیەنراوێكدا دەستپێكردنی قۆناغی دووهەمی ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆی راگەیاند.
وەزارەتی بەرگری توركیا رایگەیاند ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆ 2 دەستیپێكردووە و هێزێكی زۆر لە چیای گارە لە سنوری پارێزگای دهۆك دابەزێنراوە.
هاوكات بەپێی میدیاكانی توركیا، 2 هەزار و 200 كەس لە هێزەكانی سوپا، پۆلیس، پاسەوانی گوندەكان بەشداری ئۆپەراسیۆنەكە دەكەن لە چوارچێوەی 129 تیمدا.
تا ئێستا لە بارەی زیانە گیانی و ماڵییەكانی هەردوولایەنی شەڕ و سڤیلەكانەوە، هیچ زانیاریی لە گۆڕێدانییە، بەتایبەت كە ئەو ناوچەیە هاووڵاتییەكی زۆری لێ نیشتەجێیە.
تا ئێستاش لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەزگە فەڕمییەكانیەوە هیچ لێدوانێك لەبارەی ئەو ئۆپەراسیۆنەوە نەدراوە.