سەردێر

“بەغدا بە بێ ڕێكەوتن پارە بۆ هەرێم نانێرێت”

خەڵك-

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هێزە سیاسییەكان بەگشتی و هێزە سیاسییە شیعەكان بەتایبەتی فشارێكی زۆریان لەكازمی و لەحكومەتی عێراقی كردووە كەبەبێ ڕێككەوتن هیچ بڕەپارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان نەنێرێت.

شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، نە ئەوەیە بێ ئومێد بووبین لەڕێككەوتن بەوەی ئەمجارە بیانەوێت بەبێ كورد پڕۆژە یاساكە تێپەڕێنن، و ڕێكیشنەكەوتووین بەوەی كە دڵنیابین لەوەی لەسەر دەقێك ڕێككەوتبێتین و بڵێین ئەمە وەكو خۆی دەڕوات لەپەرلەمان.

وتیشی”هەموو ئەندامە كوردەكانی لیژنەی دارایی لەگەڵ چارەسەری دەستوریین و ئەو دەقەی لەحكومەتەوە هاتووە دەقێكی باشە بەوپێیەی هەردوو حكومەت لەسەری ڕێككەوتوون و قابیلی جێبەجێكردنە.”

ئاشكراشیكرد، بۆ ڕێكەوتن، هەموو لایەنەكان بەتایبەتی لایەنە شیعەكان چەند پێشنیارێكیان هێناوە، هەندێك لەو پێشنیارانەمان ڕەتكردووەتەوە بەو پێیەی نادەستورییە، دواپێشهات ئەوەیە چاوەڕێی لایەنە شیعەكان دەكەین ئەگەر بەو دەقەی حكومەت لەناو پرۆژەیاساكەدا ناردوویەتی ڕازی نین، بادەقێك بهێنن قابیلی جێبەجێكردن بێت و دەستوری بێت هەتا گفتوگۆی لەسەر بكەین، بەڵام تائێستا دەقێك نەهاتووە كە ناوماڵی شیعە بەگشتی لەسەری كۆك بێت.

ڕوونیشیكردەوە، گرفتی ئەم پڕۆژەیاسایە ئەوەیە هی پێش هەڵبژاردنە، پێش هەڵبژاردن موزایەدات زیاد دەكات پەڕلەمانتار بۆ شەقام قسە دەكات، بۆیە تۆزێك هێزە سیاسیەكان بەوە ڕازی نەبن و سەقفی داواكارییەكانیان زیاد بكات بەرامبەر كورد.
وتیشی: ئەوەی پێشبینی دەكەین تائێستا لەناو لیژنەی دارایی و لەناو هێزە سیاسییەكان ئەوەیە كە بەبێ ڕێككەوتن حكومەتی عێراقی هیچ بڕەپارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان نانێرێت.