سەردێر

ئەنجومەنی وەزیران لەسەر بودجە كۆدەبێتەوە

خەڵك-

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوار شەممە 10ی شوباتی 2021، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ تاووتوێكردنی چەند مژارێك كۆدەبێتەوە.

ئاشكراشیكرد، ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی دواپێشهاتەكانی پڕۆژە بودجەی فیدراڵ و هەرێم بۆ ساڵی 2021 و خستنەڕووی ئاستی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی تایبەت بە چاكسازی دەكات.

ئەمەش لەكاتێكدایە، تاكو ئێستا هەرێم و بەغدا نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێكەوتنێك، لای خۆشییەوە بەهار مەحمود ئەنجامی پەڕلەمانی عێراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بڕیار بوو لە دوو ڕۆژی ڕابردوو شاندی باڵای حكومەتی هەرێم بگەڕانایەتەوە بۆ بەغدا بۆ ئەنجامدانی دوواین كۆبوونەوە بۆ ڕێكەوتنیان لەگەڵ بەغدا، بەڵام نەهاتوون و هۆكاری نەهاتنەكەشیان دیار نییە.