دارایی كاتی دابەشكردنی مووچەی ڕاگەیاند

سەردێر

خەڵك-
وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم لەگەڵ لیژنەی دارایی پەڕلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و بڕیاردەی لیژنەكەش دەڵێت: “مانگانە مووچە دابەش دەكرێت و حكومەت بڕیاری كۆتایی لێ‌ داوە”.

محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری دارایی هەرێم، پێی ڕاگەیاندین، كە بڕیاری حكومەتی هەرێم ئەوەیە، كە هەموو مانگێك لەكاتی خۆیدا و لە 25ی مانگدا مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دابەش دەكرێت و ئەوەش یەكلایی بۆتەوە.

ڕاشیگەیاند، سەبارەت بە لێبڕینی مووچە وەزیری دارایی پێی وتین، كە ئەگەر لەگەڵ بەغدا ڕێككەوتن بكرێت ئەوا مانگانە مووچە بەتەواوی دابەش دەكرێت، بەڵام ئەگەر عیراق پشكی بودجەی هەرێم ڕەوانە نەكات ئەوا بەپێی داهاتی مانگانەی حكومەت مووچە دابەش دەكرێت.

جەختیشی كردەوە، كەئەگەر ڕێككەوتن لەگەڵ عیراق نەكرا بڕیاری كۆتایی ئەوەیە ڕێژەی لێبڕین 21% زیاتر نابێت و لە بەرژەوەندی فەرمانبەران هەموو هەوڵێك دەدرێت ئەو لێبڕینە كەمتریش بكرێتەوە.