سەردێر

17 ساڵ بەسەر موڕافەعەكەی مام جەلال تێدەپەڕێت

خەڵك-
لە ساڵی 2004 و لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا مام جەلال، ئەندامی ئەوكاتی ئەنجوومەنی حوكم لەكاتی نووسینەوەی دەستووری عیراق بە نیشاندانی نەخشەیەكی كۆنی سەردەمی عوسمانییەكان لەسەر كەركوك، كوردستانی بوونی ئەو شارەی سەلماند و بەرپرسە باڵاكانی عیراقی خستە دۆخێكەوە نەتوانن ڕەتی بكەنەوە و ئەو ڕۆژەش ناونرا “ڕۆژی موڕافەعە گەورەكە”.

ئەو ڕووداوە، كە ئەمڕۆ 17 ساڵ بەسەریدا تێپەڕیووە جگە لەوەی لەسەر ئاستی عیراق و جیهان دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، نەخشەی كوردستانی بەبیر هێزە سیاسیەكانی عیراق و وڵاتانی جیهان هێنایەوە و ئەو ڕاستیەی بۆ لایەنە عیراقیەكان سەلماند، كە كەركوك شارێكی كوردستانیە.

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی لە پەیامێكدا بەوبۆنەیەوە ئاماژەی بەوەكردووە، “ئەمڕۆ ١٧ ساڵ بەسەر ڕۆژی مورافەعە گەورەكەی سەرۆك مام جەلال لە ئەنجوومەنی حوكم تێپەڕ دەبێت، كە تێیدا بە بەڵگە و دۆكیۆمێنتی مێژوویی و نەخشەیەكی گەورەی سەردەمی دەوڵەتی عوسمانییەكان، كوردستانیبوونی كەركوكی بۆ هەموو لایەك سەلماند و ڕایگەیاند، کە هەرگیز سنووری عێراق لە جەبەل حەمرین تێنەپەڕیوە و سنووری كوردستانیش لە جەبەل حەمرینەوە دەستپێدەكات”.

ڕاشیگەیاندووە، لەم یادە مەزنەدا، کە ڕۆژێکی مێژوییە بۆ کورد، دووپاتی دەکەینەوە، کە کلیلی چارەسەری کێشەکان تەنها و تەنها پەنابردنە بەر گفتوگۆ و گەڕانەوەیە بۆ دەستوری عێراق. ئێمەش بەڵێن دەدەین لەبەرەی گەل و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بین.

هاوكات، قوباد تاڵەبانی، كوڕی مام جەلال و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك پەیامێكی بڵاوكردۆتەوە و ڕایگەیاندووە، “ئەمڕۆ 9-2-2021، كە 17 ساڵ بەسەر ڕۆژی مورافەعە گەورەكەی سەرۆك مام جەلال لەئەنجوومەنی حوكم تێپەڕ دەبێت، كە تێیدا بە بەڵگە و نەخشە و دۆكیۆمێنتی مێژوویی كوردستانی بونی كەركوكی بۆ هەموو لایەك سەلماند”.

مام جەلال، كە ئەوكات ئەندامی ئەنجوومەنی حكوم بوو لەعێراق لەساڵی 2004 لەكۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەن‌ و لەكاتی نووسینەوەی دەستووری عێراق بۆ پرسی “ناوچە جێناكۆكەكان”، نەخشەیەكی سەردەمی عوسمانی خستەڕوو، كە تێدا باس لەكوردستانی بوونی كەركوكی دەكرد.

لەكاتێكدا 17 ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوە مێژووییەدا تێدەپەڕێت، بەڵام لە ئێستادا و لەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017ەوە دۆخی كورد لە شاری كەركوك و تەواوی ناوچە جێناكۆكەكان لەوپەڕی خراپیدایە و لەجیاتی ئاسایی كردنەوەی دۆخی ناوچەكان بەپێی ماددەی 140ی دەستووری عیراق، بەڵام هەڵمەتی بەعەرەب كردن ڕووی لە زیادبوونە و لە چەندین شوێن كێشە بۆ هاووڵاتیانی كورد دروست دەكرێت و چەندین پۆستی ئیداری شارەكەش لە كورد سەنراوەتەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا بەهۆی ململانێی ناوخۆی كوردەوە پۆستی پارێزگاری شارەكە، كە مافی كوردە پڕنەكراوەتەوە.