سەردێر

هۆشداری لەخراپبوونی ئابووری هەرێم دەدرێت

حوسام بەرزنجی: ڕیكنەكەوتن لەگەڵ بەغدا، هەرێم دەكەوێتە ژێر هەژموونی توركیا

خەڵك-

سەرۆكی ڕێكخراوی گەشەپێدانی ئابووری كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر هەرێم و بەغدا ڕێكنەكەون دۆخی ئابووری هەرێم خراپ دەبێت.

دوای دەیان كۆبوونەوەی نێوان حكومەتی هەرێم و ناوەند لەسەر شایستە داراییەكانی هەرێم، بەڵام تاكو ئێستا هیچ ڕێككەوتنێك نەكراوەو بڕیارە لە داهاتوویەكیش نزیكیش دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە بدرێت.

حوسام بەرزنجی سەرۆكی ڕێكخراوی گەشەپێدانی ئابووری كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، دۆخی داهاتووی ئابووری هەرێم پەیوەندی بەو دانوستانەكانەوە هەیە كە لەگەڵ بەغدا دەكرێت.
وتیشی”سیناریۆ هەیە بۆ ڕێككەوتن، یەكێك لەوانە ئەوەیە هەردوولا ڕێكدەكەون و 250 هەزار بەرمیل بدەنە سۆمۆ، ئەوكات كوردستان بەرەو بارودۆخێكی ئاسایی دەڕوات و مووچە و بودجە لە بەغداوە دێت، سیناریۆی دووەم ئەوەیە نەوت ڕادەست نەكەین، لەبەرئەوەی گرێبەست لەگەڵ توركیا هەیە یان هەر هۆكارێكیتر حكومەتی هەرێم، لەو بارەدا فراكسیۆنە شیعییەكانیش هەندێكیان پێداگیری دەكەن لەسەر ئەوەی هەموو فایلی نەوت بسپێردرێت بە حكومەتی عێراقی، لەو سیناریۆیەدا كە نەوت نەنێرین یان گروپە شیعییەكان پێداگیری بكەن و ڕێگربن لە ڕێككەوتن، لەو بارەدا هەرێم دەمێنێتەوە بە بێ بودجەی بەغدا”.
ئاشكراشیكرد، ئەگەر ڕێككەوتن نەكرێت دەبێت پشت بە خۆمان ببەستین و زیاتر دەكەوینەژێر هەژموونی توركیاوە، چونكە هەركات توركیا بینی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ عێراق لاواز دەبێت ئەوكات دانی تیژ دەكات هەرێم داگیر بكات و هەژموونی خۆی لە ڕووی ئابووری و سەربازی و بەبازاڕكردنی خۆی دەسەپێنێت.

دەشڵێت: ئەگەر لە بودجەی بەغدا بێ بەش بین، لەو بڕوایەدام ناتوانین بە ئابوورییەكی باشەوە بەڕێوەبچین و مووچەی تەواوی نادرێت.