سەردێر

دەنگدان لەسەر بودجە دواخرا

شیعەكان لە رادەستكردنی دۆسێی نەوت پاشەكشە دەكەن

خەڵك-

ئەندامێكی پەڕلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پاشەكشەیەك بە داواكاری شیعەكان سەبارەت بە ڕادەستكردنی كۆی مەلەفی نەوتی هەرێمەوە دیارە.

هەرچەندە حكومەتی هەرێم و ناوەند لەسەر بودجەی ئەمساڵ ڕێككەوتن، بەڵام فراكسیۆنە شیعییەكان داوای كۆی مەلەفی نەوتی هەرێم دەكەن و بەپێی زانیارییەكانیش، ئەو پرسە نادەستوورییە و لە ئێستادا ئەوانیش پاشەكەیان لەو بابەتە كردووە، بەڵام تاكو ئێستا هیچ ڕێككەوتنێك لە ئارادا نییە.

بەهار مەحمود ئەندامی پەڕلەمانی عێراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پڕۆژە یاسای بودجە تەواو بووە جگە لەو مادانەی پەیوەندی بە پشكی كوردەوە هەیە.

وتیشی”دوێنێ ڕێككەوتن كراوە لەنێوان هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق بۆ ئەوەی پڕۆژەكە نەخرێتە دەنگدانەوە تاكو ڕێككەوتن دەكرێت، چونكە ئەوەی تایبەتە بە پشكی كورد، هێشتا گفتوگۆی لەسەرە”.

ئاشكراشیكرد، دەبوو دوێنێ و ئەمڕۆ شاندی هەرێم بگەڕانایەتەوە بۆ بەغدا، بەڵام نەهاتوون و هیچ زانیارییەكیش سەبارەت بە نەهاتنیان نییە.

ڕوونیشیكردەوە، بابەتی ڕادەستكردنی مەلەفی نەوتی هەرێم لەلایەن شیعەكانەوە لە ئێستادا پاشەكشەی تێدا دەبینرێت، چونكە نادەستوورییە، بەپێی مادەی 112 دەستوور ئیدارەدانی نەوت هاوبەشە لەنێوان هەریم و بەغدا، بۆیە ڕادەستكردنی مەلەفەكە بە كاملی نادەستوورییە و هیچكام لە فراكسیۆنە كوردییەكان ئەو بابەتە قبوڵ ناكەین.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئێستا دوو پێشنیار هەیە بۆ ڕێككەوتن، یەكێكیان پێشنیاری وەزیری نەوت كە بۆ لیژنەی دارایی كرد و ڕایگەیاند”ئیدارەی مەلەفی نەوت بە هاوبەشی بێت، بەشێوەیەك دەرهێنان و دۆزینەوەی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بێت و فرۆشتن و بە بازاڕكردنی لەلایەن حكومەتی بەغداوە بێت”، پێشنیاری دووەم ڕادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل و نیوەی داهاتی نانەوتی هەرێمە.