سەردێر

“داعش دزەی كردووەتە موسڵەوە”

خەڵك-

بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هیچ پەیوەندی و ڕێكەوتنێك لەنێوان سوپای عێراق و حەشدی شەعبیدا بوونی نییە.

سەعید مەموزینی بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە موسڵ بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، داعش لە ناوچەكە بوونی هەیە بەڵام لە نزیك ئەو سنوورانەی كە پێشمەرگەی تێدا جێگیر كراوە زۆر كەمە.

وتیشی”پێشمەرگە هیچ جموجوڵێكی نییە و لەبەرانبەر جموجوڵەكانی داعشیش لە ئامادەباشیدایە، بەڵام حەشدی شەعبی هەڵوێستی نابەجێی هەیە جێی نیگەرانی هاووڵاتیانن”.

ئاشكراشیكرد، لە ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی حەشدی شەعبی چەكداری داعشی زۆر لێیە و ناو بەناو پێكدادان لەنێوانیاندا دروست دەبێت.

ڕوونیشیكردەوە، هیچ ڕێكەوتن و هاوكارییەك لەنێوان هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقدا نییە، داعشیش ئەوەی هەلەی قۆستووەتەوە و دزەی كردووەتە نێو شاری موسڵ و لە دەرەوەی موسڵیش تەراتێنیان هەیە.

ئەمەش لەكاتێكدایە، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە كە هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق سەنگەر لە بەرانبەر یەكتر لێدەدەن، بەڵام مەموزینی ئاشكرایدەكات، لە سنوورەكانی ئێمە پێشمەرگە هیچ سەنگەرێكی لێنەداوە.