سەردێر

مانگی داهاتوو ڤاكسین دەگاتە هەرێم

خەڵك-

بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ بریكاری كۆمپانیای ئاسترازینكای ڕوسیا لەگفتوگۆداین بۆ كڕینی ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا بۆ هەرێمی كوردستان.

ڕەهێڵ فەرەیدون بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند،
كۆڤیدە گۆڕاوەكەی كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان بوونی نییە، چونكە ئەگەر هەبێت بەپێی هەموو ئەو بنەما زانستیانەی تۆماركراون لەوڵاتانی دیكەوە نیشانەكانی ئەم جۆرە تازەیە خێراتر دەردەكەون و بەئاشكرا لەسەر كەسەكە دەردەكەون و بەخێرایی تەشەنە دەكەن، بۆیە ئەگەر ئەم حاڵەتە هەبوایە بەدڵنیاییەوە هەستمان پێدەكرد و تۆماردەكرا.

وتیشی”بابەتی ڤاكسین بابەتێكی بەربڵاوە، هەموو جیهان ڕووبەڕووی بووەتەوە، دوای ئەوەی ڤاكسینەكە دۆزراوەتەوە، خاڵێك كە هەموومان بەگرنگی دەزانین هەوڵدانە بۆ ئەوەی لەڕێی چەند كەناڵێكەوە زیاد لەكۆمپانیایەك ڤاكسینەكە دابین بكرێت، چونكە ڕێژەیەكی زۆر لەداواكردن لەسەرانسەری جیهان لەو چەند كۆمپانیایە هەیە كە بەرهەم هێنراو و ناسێنراوە بەفەرمی لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە WHOوە لە عێراقدا سێ كۆمپانیا باسكرا لە فایزەر و ئاسترازینكا و سینوفارم كاری پێكرا یاخود ڕێگەپێدراوە كە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.”

ڕوونیشیكردەوە، بڕیارە لەسەرەتای مانگی داهاتوو ڤاكسینی دژ بەكۆرۆنا بگاتە عێراق و لەماوەیەكی كەمدا بڵاوبكرێتەوە، حكومەتی هەرێم زیاد لەدوو مانگە لیژنەیەكی لەوەزارەتی تەندروستی بۆ ئەم مەبەستە پێكهێنا ئەوانیش تائەمكاتە لەدانوستاندابوون لەدەرئەنجامدا دوای هەوڵدانێكی زۆر سەرەتا وترا ڕێگە نادرێت حكومەتی هەرێم ڕاستەوخۆ مامەڵە بكات لەكۆتاییدا باشترین هەڵبژاردن بۆ ئێمە ڤاكسینی كۆمپانیای ئاسترازینكا بوو، چونكە لەشێوازی هەڵگرتن و گواستنەوە و نرخەكەشی بۆ ئێمە زۆر گونجاو بوو ئەگەر بەراورد بكەین بەفایزەر.