سەردێر

كارمەندانی فەرمانگە فیدڕاڵیەكان بایكۆتیان ڕاگەیاند

خەڵك-

كارمەندانی فەرمانگە فیدڕاڵیەكان لە هەرێم بایكۆتی دەوامیان ڕاگەیاند.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) كارمەندانی فەرمانگە فیدڕاڵییەكان لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی كارتی نیشتمانی و نووسینگەی زانیاری لە ئاغجەلەر و چوارتا و سلێمانی و پشدەر و هێرۆ و ناودەشت و عەربەت بایكۆتی دەوامیان ڕاگەیاند.

هەر بە پێی زانیارییەكان، كارمەندانی بەنداوی دوكان بەهۆی پێنەدانی مووچەكانیان بۆ ماوەی چوار مانگ بایكۆت دەوامیان ڕاگەیاند.

ئەمەش لەكاتێكدایە وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم لە ڕوونكردنەوەیەكیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كۆی گشتی تەمویلی (پارەداركردنی) پێویست بۆ مووچەی یەك مانگی فەرمانبەرانی ڕەگەزنامەی هەرێمی كوردستان نزیكەی شەش ملیار و 250 ملیۆن دینار دەبێت و لە كۆی ئەم بڕە پارەیە مانگانە حكومەتی ناوەند نزیكەی ملیارێك و 862ملیۆن دیناری بۆ (4700) مووچەخۆری ڕەگەزنامەی هەرێمی ناردووە.
ئاشكراشیدەكات، ئەو پارەیە نزیكەی 25%ی مووچەی ئەو فەرمانبەرانە دەكات. واتە بە تەمویلی چوار مانگی بەغدا بۆ ئەم موچەخۆرانە تەنیا دەتوانرێت موچەی یەك مانگی پێ دابین بكرێت.

ڕوونیشیدەكاتەوە، سەرەڕای ئەمەش هەریەك لە مانگەكانی10- 11-12 ساڵی ڕابردوو لەگەڵ مانگی یەكی 2021 هیچ بڕە پارەیەك لە لایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە بۆ هەرێم نەنێردراوە تاوەكو موچەی فەرمانبەرانی بەنداوەكان و ڕەگەزنامەی هەرێم دابەش بكرێت، بەدەر لەوانەش مانگی ڕابردوو حكومەتی هەرێم بە بێ لێبڕین، مووچەمان بۆ بەڕێوبەرایەتی ڕەگەزنامەی هەرێم دابینكردووە.
وەزارەتی دارایی ڕاشیدەگەیەنێت، لە ئێستادا بەهۆی نەناردنی مووچەی ئەو بەڕێوبەراتیانە لایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامانجی دادپەروەری بۆ هەمووان بە هەمان میكانیزمی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە، مووچەیان بەسەردا دابەش بكرێت.