سەردێر

قورسترین بودجەی عێراق كۆتایی پێهات

خەڵك-

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ڕەشنووسی بودجە كۆتایی پێهات.

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، قەبارەی داهاتەكان لە ڕەشنووسی كۆتایی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 بۆ 103 تریلیۆن بەرزكراوەتەوە و بڕی كورتهێنانیش بۆ ژێر 25 تریلیۆن دینار كەمكراوەتەوە.

وتیشی”بودجەی ساڵی 2021 بە یەكێك لە قورسترین بودجەكانی عێراق هەژمار دەكرێت، ئەمەش بە هۆی نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكان و دەستوەردانی سیاسی”.

ئاشكراشیكرد، هەمواركردنەوەی ڕەشنووسی بودجەكە 500 كاتژمێری خایاندووە و لە كۆتاییدا كۆی بودجەكە لە 163 تریلیۆن دینارەوە بۆ 127 تریلیۆن كەمكراوەتەوە.

ئەمەش لەكاتێكدایە، ئەو مادانەی كە پەیوەندی بە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانەوە هەیە تاكو ئێستا هیچ ڕێكەوتنێكی لەبارەوە ئەنجام نەدراوە و پەڕلەمانتارانی هاوپەیمانی هیوا ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە هیچ ڕوئیایەك بۆ ڕێكەوتن لە ئارادا نییە.

هاوكات هۆشیار عەبدوڵڵا ئەندامی پەڕلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ڕێكەوتنێكی ژێربەژێر لە ئارادایە بۆ ڕێكنەكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا.

بەپێی زانیارییەكان، حكومەتی هەرێم سوورە لەسەر ئەوەی 250 هەزار بەرمیل ڕادەست بكات ئەویش دوای ئەوەی لەگەڵ حكومەتی عێراق بەو شێوەیە ڕێككەوتون، بەڵام فراكسیۆنە شیعییەكان داوای هەموو مەلەفی نەوتی هەرێم دەكەن و هەرێمیش ئەوە ڕەتدەكاتەوە.