سەردێر

ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم بەغدا بە ڕێكەوتنی سیاسی چارەسەر دەكرێن

 

خەڵك-
لیژنەی داراپی پەرلەمانی عیراق، میكانیزمێكی نوێ‌ بۆ كۆتایی هێنان بە مشتومڕی تایبەت بە مامەڵەی دارایی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا، ئاشكرا دەكات.

سیهام شنون، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”لیژنەی دارایی دەقی تایبەت بە هەرێمی كوردستانی لە پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021 تەواو كردووە، دەقەكەش لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوو، دەخرێتە بەردەست فراكسیۆنە سییاسییەكان تا ڕەزامەندی لەسەر دەرببڕدرێت”.

بە وتەی سیهام شنون”ڕێكەوتنی سیاسی ڕێگەچارە دەبێت بۆ تێپەڕاندنی بڕگەی هەرێمی كوردستان، ئەو بڕگەیەش بەبێ‌ ڕێكەوتن ناكرێت تێبپەڕێنرێت، ئەم هەفتەیەش كۆتا هەفتەیە بۆ گفتووگۆكردن و تیبَپەڕاندنی بودجە لەنێو ئەنجومەنی نوێنەران”.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەكی پەرلەمانی ڕایگەیاندبوو”لیژنەی دارایی بودجەی ڕادەستی حكومەت كردووە و سەرۆك وەزیرانیش هیچ ڕێگرییەكی لەبارەی دەستكارییەكانەوە نەخستۆتەڕوو”.

هەر لەو بارەیەوە سەلیم شوشكەیی، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند:”لەئێستادا بەشێك لە لایەنە شیعەكان نەرمی دەنوێنن، حەزییان لێنییە پرۆژە یاسای بودجەی 2021 بەبێ‌ كورد تێبپەڕێت، بەشێوەیەكی گشتی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامانی پەرلەمان لە فراكسیۆنە سیاسییەكان، دەیانەوێت پشكی هەرێك كەم یان زۆر بوونی هەبێت لە بودجەدا و كورد دەنگی لەسەر بدات و وەكو یاسای قەرزەكە تێنەپەڕێنرێت”.