سەردێر

دوو کەس بەکارەبا گیانیان لەدەستدا

سلێمانی – نزار جەزا
ئەمڕۆ دوو شەممە شاری سلێمانی دوو کەس لەکاتی کارکردندا کارەبا گرتنی و بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا.

سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ دوو شەممە لە شاری سلێمانی دوو گەنج کارەبا دەیانگرێت و بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا.

ئاماژەی بەئەوەشدا، ئاو کۆبووەتەوە، بۆیە غەتاسێکیان هێناوە ئاوەکە دەربکەن، بەهۆی غەتاسەکەوە کارەبا چووەتە سەر ئاوەکە و هەردوو کەسەکە کارەبا گرتوونی.

ئەوەشی باسکرد، تیمەکانیان چوون دوو کەسەکەیان دەرهێناوە و فریاکەوتنی خێرایان بۆ ئەنجامداون و هێناویانن بۆ نەخۆشخانەش، بەڵام بەداخەوە هەردووکیان گیانیان لەدەستدا.

ئەوەشی خستەڕوو، یەکێکیان تەمەنی ٢٤ ساڵە، ئەوی دیکەش تەمەنی ٣١ ساڵە.

ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ یەک شەممە مامۆستایەک لەکاتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر قوتابخانەکەی لە شەقڵاوە کارەبا گرتی و گیانی لەدەستدا.