سەردێر

حزبەكان لەچاوەڕوانی ئەزموونێكی قورسدا

دەرچوواندنی كاندید بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عێراق زۆر قورس دەبێت

خەڵك-

جێگری بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دەرچوونی كاندیدی كورد لە ناوچەكە قورسە.
بڕیارە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجام بدرێت و تاكو ئێستا لایەنەكان نەیانتوانیوە هاوپەیمانی دروست بكەن و بەپێی ئەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانیش گۆڕاوە، حزبەكان ناتوانن بە تەنیا بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن.

مەحمود محەمەد جێگری بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، سێ كۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان ئەنجام داوە بۆ مەبەستی دروستكردنی هاوپەیمانی، ئێستا چاوەڕێین لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەموو لایەنەكان پێمان بڵێنەوە چۆن بەشداری بكەین و كۆتا كۆبوونەوە و بڕیار بدەن كە پێكەوە دابەزین یان نا.

وتیشی”بۆچوونەكەی هەموومان ئەوەیە كە هەموومان بە یەك كاندیدەوە دابەزین”.

ئاشكراشیكرد، ئەگەر پێكەوە بین یان نا، دەرچوونی كاندیدی كورد لە ناوچەكە زۆر قورسە، چونكە ئەو بازنەی ئێمە دوزخورماتوو زۆرینەی شیعەیە، بەڵام مەحاڵیش نییە و پێویستی بە هاوكاری هەموو لایەنەكان هەیە.

بڕیاربوو لە مانگی شەشی ئەمساڵ هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام بۆ مانگی تشرینی یەكەم دواخرا.

گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەكان دەبێتە یەكەم ئەزموونی نوێ لە پێش حزبەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، بۆیە دەرچوواندنی كاندید زۆر قورس و ئاڵۆز بووە بەتایبەت بۆ حزبە بچووكەكان بواری كاركردنیان زۆر تەسك كراوەتەوە.

رەوشی هەڵبژاردنی ئەمجارە بۆ حزبەكانی هەرێمی كوردستان چەند هێندە قورسترە لە حزبەكانی عێراق، بەهۆی قەیرانی دارایی و ناكۆكییە سیاسییەكانەوە، كە هیچكام لە حزبەكان ناتوانن بە ئاسانی بەرە و هاوپەیمانێتی پێكبهێنن و جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش، بە تەنیا بەشداریكردن بۆ سەرجەم حزبەكانی دیكە قورس دەبێت بۆ سەرخستنی كاندیدەكانیان.

هاوكات لە هەرێمی كوردستان هاووڵاتیان لە حزبەكان و دەسەڵات زۆر تووڕەن و حزبەكان هیچ بەڵێنێكی نوێیان پێ نییە بۆ دەنگدەران و هاووڵاتیان متمانەیان بە حزب و كاندید و ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات و هەڵبژاردنیش زۆر لاواز بووە، بەشداری هەڵبژاردنەكان ناكەن.