سەردێر

دوو پێشمەرگەی دیموكرات دەستگیركران

كاری سیخوڕییان بۆ ئێران كردووە لەنێو كوردكەناڵدا

خەڵك-

بەرپرسی سیاسی هێزی پارێزگاری حزبی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، مەترسی تیرۆر و مووشەكباران و تەقینەوەی بارەگاكانمان لەلایەن ئێرانەوە هەیە.

حەسەن كاكیلی بەرپرسی سیاسی هێزی پارێزگاری حزبی دیموكراتی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئێران هێرشی خۆی دەستپێكردووە، لەلایەك فیلممان لەسەر دروست دەكات، لەلایەك موشەكباران دەكات، لەلایەكیترەوە خەڵك دەنێرنە ناومان.

وتیشی”ئێستا دوو كەس كە بەناوی پێشمەرگەوە خزابوونە نێو ڕیزەكانمان، لەنێو كورد كەناڵ و سایتەكان كاریان دەكرد دەستگیر كراون”.

ئاشكراشیكرد، هیچ زانیارییەك نییە كە ئەو دوو كەسە ویستویانە چ كارێك ئەنجام بدەن، بەڵام لەنێو ڕێكخستنەكانەوە پێمان ڕاگەیەنرا كە ئەو دوو كەسە كار بۆ ئێران دەكەن و لێكۆڵینەوەكانیش بەردەوامن.

سەبارەت بە مەترسی هێرشی هاوشێوەی موشەكبارانی ساڵانی ڕابردوو ناوبراو ڕایگەیاند، لەهەر ساتێكدا ترسی هێرشمان هەیە، چ تەقینەوە بێت یان تیرۆر یان مووشەكباران، ئێمەش هەوڵ دەدەین كۆبوونەوە نەگیرێت، ئەگەریش گیرا لە شوێنی نادیار بگیرێت.
راشیگەیاند لە ئێستادا لە وەرگرتنی پێشمەرگەدا زۆر ورد دەبینەوە، ئەوەی زۆر نەناسرێت وەرناگیرێت.