سەردێر

پشكنینی خێرای كۆرۆنا دەخرێتەكار

ماوەی پشكنینەكە تەنها 10 خولەكە تا ئەنجامەی دەربكەوێت

خەڵك-

كۆمپانیایەكی بەریتانیایی دەستی بە بەرهەمهێنانی ئامێری تایبەت بە پشكنینی خێرای كۆرۆنا كرد كە ڤایرۆسەكە لە ماوەی چەند خولەكێكدا ئاشكرا دەكات، لەبری پشكنینەكانی ئێستا كە چەند كاتژمێرێك دەخایەنێـت.

حكومەتی بەریتانیا خوازیارە ئەم پشكنینە ببێتەهۆی گەڕانەوەی ژیان بۆ باری ئاسایی خۆی لە وڵات، بەپێی زانیارییەكانی سكای نیوز كە ئەمڕۆ دوو شەممە بڵاویكردەوە، بەڵام هەندێك پسپۆڕ گومانیان لە وردی پشكنینەكان هەیە بۆ هەندێك نەخۆش.

دەكرێت بەكاربهێنرێت لە بەرنامەی خێرای حكومەت كە دەیەوێت لە رێگایەوە ئەو كەسانە بدۆزێتەوە كە توشبوون و نیشانەیان نییە.

دەكرێت ئەم پشكنینە دابەشبكرێت بەسەر دەستەكانی خزمەتگوزاری تەندروستی لە بەریتانیا و قوتابخانەكان و چاودێری و زانكۆكان و كۆمپانیاكان بۆ كەمكردنەوەی رێژەی توشبووان.

ئەم كۆمپانیایە دەبێتە یەكەم دروستكەری ئەو پشكنینە خێرایە بۆ حكومەت لە بەریتانیادا كە ماوەی پشكنینەكە تەنها 10 خولەكە تا ئەنجامەی دەربكەوێت.

یەكێك لە بەرپرسانی كۆمپانیاكە بە ناوی دیڤید كامبل دەڵێت: ئەو پشكنینە بەرهەمی هەوڵی چەند مانگی رابردووە كە لە ئاداری ساڵی رابردووەوە خەریكی پەرەپێدانی پشكنینی خێران.

مامۆستای زانكۆی بریتسوڵ گابریل سكالی دەڵێت: رۆڵی ئەم پشكنینە سنوردارە، ناتوانێت هەمووی توشبووەكان ئاشكرا بكات، بۆ ئەوانە باشە كە ئاستی توشبوونیان بەرزە.