سەردێر

پارێزگاری نوێی هەولێر هەڵبژێردرا

خەڵك-بەشی هەواڵ

ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر كۆبووەوە و پارێزگارێكی نوێ بۆ پارێزگاكە هەڵبژارد.

عەلی حسێن سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، چوار كەس خۆیان بۆ پۆستەكە كاندید كردووە و بەهێزترین كاندیدیش ئومێد خۆشناو كاندیدی پارتییە.

لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنەكە، ئومێد خۆشناو وەك كاندیدی پارتی بۆ پارێزگاری هەولێر هەڵبژێردرا و هەریەك لە فراكسیۆنەكانی گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵیش بایكۆتی كۆبوونەوەكەیان كرد.

 

پڕۆفایلی پارێزگاری نوێ

 

ئومێد عەبدولڕەحمان حەسەن ناسراو بە ئومێد خۆشناو، لەدایكبووی ١ی حوزەیرانی ١٩٧٧، كەسایەتیی سیاسی كوردە، ئەندامی چوارەمین و پێنجەمین خولی پەڕلەمانی كوردستان بووە و سەرۆكی فڕیاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە.

پێش ئەوەی ببێتە ئەندام پەڕلەمانی كوردستان، سكرتێری یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان بووە، كە كۆمەڵە یان یەكێتییەكی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانە.

ئومێد خۆشناو هەڵگری بڕوانامەكانی دبلۆم و بەكالۆریۆسە لە ڕاگەیاندن هەروەها ماستەر لە یاسای گشتی، ناوبراو ماوەیەكیش خەریكی كاری ڕۆژنامەوانیی و ڕاگەیاندن بووە.

ئەمڕۆ وەك پارێزگاری نوێی هەولێر هەڵبژێردرا.

 

بەرنامەی پارێزگاری نوێ

پارێزگاری نوێی هەولێر لە یەكەم وتاری دەستبەكاربوونیدا ڕایگەیاند، خزمەتی تەواوی پارێزگای هەولێر دەكات بە سەرجەم شوێن و پێكهاتەكانییەوە، خۆی بە خزمەتكاری پارێزگار دەزانێت نەك پارێزگار و ناونیشانی پارێزگاری هەولێر بگۆڕین بۆ خزمەتكاری پارێزگای هەولێر.

وتیشی”ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر پەڕلەمانی بچوكی پارێزگایە و پێویستم بە پشتیوانی و ڕەخنە و پێشنیارەكانی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای هەیە، لە ئایندەشدا پڕۆژە و بەرنامەكانمان دەخەینەڕوو”.

لەبارەی ئەو ئەندامانەشی كە دەنگیان پێنەداوە، ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند، ئەو دەبێتە پارێزگاری هەموو لایەك بەوانەی دەنگیان پێداوە ئەوانەشی دەنگیان پێنەداوە بە هەر هۆكارێك بێت.