سەردێر

بەشەخۆراكی زەیت و شەكر دابەش دەكرێت

خەڵك-
وەزارەتی بازرگانی عیراق گەیشتنی بڕێكی زۆر لە بەشەخۆراكی زەیت و شەكر بۆ كۆگاكانی وەزارەتەكەی ئاشكرادەكات و جەختیشدەكاتەوە، كە دەستیان بە دابەشكردنی كردووە بەسەر بریكارەكانی خۆراكدا.

ئەندازیار قاسم حەمود مەنسوڕ، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بازرگانی خۆراك لە بەیاننامەیەكدا، كە وەزارەتی بازرگانی عیراق بڵاویكردۆتەوە، ڕایگەیاندووە، كۆمپانیای گشتی خۆراك گرێبەستی كردووە بۆ كڕینی بڕێكی زۆر ماددەی شەكری ناوخۆیی بە بڕی 81 هەزار و 280 تەن تاوەكو لەچوارچێوەی ماددەكانی پسووڵەی خۆراك دابەش بكرێت.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو بڕە لە بەشەخۆراك گەیشتۆتە كۆگاكان و نمونەی نێردراوە بۆ پشكنین و لە سبەینێوە دوو شەممە دەست بە دابەشكردنی دەكەن بەسەر بریكارەكانی خۆراكدا تاوەكو بدرێتە هاووڵاتیان.

جەختیشی كردۆتەوە، كە كەمكردنەوەیان ڕاگەیاندووە بۆ گرێبەستی كڕینی زەیت و ئەم هەفتەیە گرێبەست ئەنجام دەدەن لەگەڵ كارگگە ناوخۆییەكان بۆ كڕینی زەیت و دابەشكردنی لەچوارچێوەی بەشەخۆراكی مانگانەدا.

حەمود وتوشیەتی، “وەزارەتی بازرگانی چاوەڕێی پەسەندكردنی بودجەی گشتی 2021ی عیراق دەكات تاوەكو بەرنامەیەكی پێشوەختە دابڕێژن بۆ سەقامگیركردنی سیستمی پسوڵەی خۆراك لەمساڵدا”.