سەردێر

كەشوهەوای یەكەم هەینی ئەمساڵ بۆ سەیران ڕاگەیەنرا

خەڵك-
بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، ئەو شەپۆلی سەرما و بارانەی چەند ڕۆژێك بوو هەرێمی كوردستانی گرتبووەوە كۆتایی هات و شارەزایەكی كەشناسی دەڵێت: “ئەم هەینیە ئاسمان هەتاو دەبێت و پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە و كەشێكی لەباری بۆ سەیران دەبێت”.

محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، “شەپۆلی باران و سەرمای چەند ڕۆژی ڕابردوو کۆتایی پێهات و ئاسمانی شارەکانمان بووە بە هەتاو و هەندێك جار پەڵە هەور دەردەكەوێت و بۆ ماوەی هەفتەیەک کەش خۆشە و گژ و گیا هێندەی تر سەوز دەبێت و پلەکانی گەرماش بەرز دەبنەوە”.

ڕاشیگەیاند، ڕۆژی هەینی 2021/2/12 خۆشترین و گونجاوترین كاتە بۆ گەشت و سەیران كردن، چونكە ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەی گەرما گونجا دەبێت و خێرایی با ئاسایی دەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەری ئەوە هەیە لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێكی دیكەی باران بارین ناوچەكانی هەرێم بگرێتەوە.