سەردێر

وەزارەتی دارایی بڕیارێكی بۆ مووچەی فەرمانبەران دەركرد

خەڵك-
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا ئەو فەرمانبەرانەی دوو مووچەیان هەبووە و مووچەكانیان ڕاگیراوە دووبارە لەلایەن فەرمانگە و وەزارەتەكانیانەوە پێداچوونەوە بە دۆسیەكانیان بكرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم لە گشتاندنێكدا بۆ وەزارەت و دەستەكان، ڕایگەیاندووە، “بەپێی فەرمانی وەزاریمان ژمارە 1 لەی 4-1-2021 بڕیار درا بە ڕاگرتنی مووچە و خانەنشینی 10 هەزار و 609، كە لە سیستمی بایۆمەتری دووجار یان زیاتر تۆماركراوە، كە لە 21 هەزار و 588 كەیس پێكهاتووە”.

ڕاشیگەیاندووە، بە مەبەستی پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئەو مووچەخۆرانەی لە گشتاندنی سەرەوەدا ئاماژەیان پێ‌ كراوە و یەكلایی كردنەوەی مووچەكەیان و ڕاستاندنی مووچەی شایستە، بڕیاردرا بە پێدانی دەسەڵات بە وەزارەت و فەرمانگە نەبەستراوەكان بە ئەنجامدانی چەند ڕێكارێك”.

سەبارەت بە ڕێكارەكان لە گشتاندنەكەی داراییدا هاتووە، “لێژنەیەكی پسپۆڕ لە گشت وەزارەتەكان بۆ ئەو بابەتە دروست بكرێت، پڕكردنەوەی فۆڕم بۆ هەر فەرمانبەرێك و دواتر پەسەندكردنی لەلایەن بەشی یاسایی و سەرۆكی فەرمانگەكەوە”

ئئەو فۆڕمانە یەكێكیان تایبەتە بەوانەی دوو مووچەی فەرمانبەرییان هەیە، یەكێكی دیكە تایبەتە بە مووچەیەكی فەرمانبەری و یەكێكی خانەنشینی، ئەوەی دیكەش بۆ ئەوانەیە، كە دوو مووچەی خانەنشینییان هەیە.