سەردێر

وەزارەتی پێشمەرگە: هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەستووری و یاساییە

شیعە لەجموجۆڵی پێشمەرگە نیگەرانە

 

خەڵك-

چەند رۆژێكە بەشێك لە لایەنە شیعەكان لە رێگای مێدیاكانیانەوە رەخنە لە جوڵاندنی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەگرن بۆ ناوچە دابڕاوەكان كە بەپێی راگەیەنراوی فەڕمی بۆ رێگری لە جموجۆڵەكانی داعش جوڵێنراون، لای خۆیەوە ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، مەترسی داعش بەردەوامەو كۆتایی نەهاتووە، پێشمەرگە هێزێكی یاساییە و پارێزگاری لەهەرێم دەكات.

جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، داعش لە كۆتایی ساڵی 2017 تەنها ئیمارەتەكەی تەواو بوو، بەڵام كردەوە تیرۆرستییەكانی بەردەوام بووە، بەتایبەت لە ناوچەكانی سەر بە پارێزگای دیالە وەك خانەقین و جەلەولاو قەرەتەپەو ناوچەكانی خورماتوو لەگەڵ كفری و ناوچەكانی باشورو رۆژئاوای كەركووك و ناوچەكانی لای قەرەچوخ و مەخموور، هێشتاش لەناوچەكانی سوریاو لیبیاو تەنانەت ئەوروپاش هەیە و لەماوەی رابردوو كردەوی تیرۆرستی هەبوو بەغداد.

سەبارەت بەوەی هەندێك لایەن بەتایبەت شیعەكان لە دژی جوڵەپێكردنی هێزی پێشمەرگە دەوەستنەوە جەبار یاوەر وتی، نەك تەنها شیعەكان، بەڵكو لایەنی دیكەش دژی جوڵەی پێشمەرگەن، لە كاتێكدا پێشمەرگە هێزێكی یاساییەو لە دەستووری عێراقدا پەسەند كراوەو دان بەوەدا نراوە هەرێمی كوردستان هێزی هەبێت و پارێزگاری لێبكات و پێشمەرگە ئەو هێزەیە هەر كەسێك هەرشتێك دەڵێت لەبارەی پێشمەرگەوە ئەوە گوزارشت لە ڕای تاكە كەسی خۆی دەكات و گوزارشت لە ڕایەكی یاسایی و دەستووری ناكات.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو زانیاری بڵاوكرایەوە كە لە میانەی گفتوگۆكانی هەرێم و بەغدا، هەندێك لایەنی عێراقی داوای كەمكردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەیان كردووە بەهۆی ئەوەی ژمارەیان زۆرە.

لەوبارەوە جەبار یاوەر رونیكردەوە، هەندێك لایەن باس لەوە دەكەن كە گوایە لە هەرێمی كوردستان 400 هەزار پێشمەرگە هەیە ئەمە هەڵەیەو ئەو ژمارەیەی ئێستا مووچە وەردەگرێ‌ت لە هێزەكانی حەفتا و هەشتا نزیكەی 180 هەزار پێشمەرگەیە و لە نێو ئەوانەشدا نزیكەی 50 هەزار كەسیان زیاتر ئەوانەن كە خاوەنپێداویستی تایبەتن یان كۆچ كردوون یان خانەنشین بوون و بەپێی یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2020 ی چاكسازی هەموویان دەگوازرێنەوە سەر وەزارەتی شەهیدان و دارایی ئەوكاتە بە پێی پێشبینییەكان ژمارەكە دەبێتە 120 هەزار كەس كە ئەو ژمارەیە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە پەسەند كراوە بۆ میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە.

راشیگەیاند بەپێی یاسای ژمارە دووی یاسای ساڵی 2020 و بەپێی پڕۆژەیەكی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەو هاوپەیمانان ئەمریكاو بەریتانیاو هۆڵەندا و ئەڵمانیا هەنگاوی باشمان بڕیوە لە بە ئەلیكترۆنی كردنی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگەو لیواكان و پیادە‌و بەشێوەی بانكی مووچە وەردەگرن و ئەگەر وەزارەتی دارایی و بانكەكان هاوكار بن هەموو وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕێگەی بانكەوە مووچە وەربگرن.

هەرێمی كوردستان خاوەنی ژمارەیەك لیوای هاوبەشی هێزی پێشمەرگەیە كە لەلایەن هاوپەیمانانەوە پشتیوانی دەكرێن لەگەڵ هێزەكانی 70ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و 80ی پارتی دیموكراتی كوردستان.

هاوكات هێزەكانی لەشكری رۆژ كە هێزی رۆژئاوای كوردستانن لە باشور پێكهاتوون و لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هاوكاری دەكرێن لەسەر خاكی هەرێمدا هەن.

هێزەكانی سوپای میللی كوردستان كە هێزێكی تازەمەزراوی رۆژهەڵاتی كوردستانەو پێشتر بەشداری شەڕی داعشیان كردووە.

هاوكات هێزەكانی پێشمەرگەی هەردوو حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و باڵەكانی كۆمەڵە لە سەر خاكی باشوری كوردستان بوونیان هەیە.

ئەمە جگە لە هێزەكانی گەریلای سەر بەپەكەكە و پەژاك لە ناوچەكانی ژێر دەستی پەكەكەدا هەن، كە بە ناوچەكانی پاراستنی مەدیا ناسراون و لە ساڵی رابردوودا بۆ هەندێك ناوچەی دیكەی ژێر دەستی حكومەتی هەرێمیش هاتونەخوارێ بەتایبەت لە پارێزگای سلێمانی و بەشێكیان بەشداری شەڕی داعشیان كردووە.

گروپە چەكدارە ئێزدییەكانی شەنگالیش هەن كە سەر بە پەكەكەن و هەندێكیان لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدان لە دوای 2014وە دروستبوون.

هاوكات هەرێمی كوردستان خاوەن چەند دەزگایەكی دیكەیە لە هێزەكانی ئاسایش، دژە تێرۆر، پۆلیس، زێرەڤانی، بەرگری و فریاكەوتن، یەكەی پاسەوانی و پێشمەرگە خانەنشینەكان كە لە كاتی پێویستدا كەڵكیان لێ وەردەگیردرێت.