سەردێر

خۆشناو بەهێزترین كاندیدە

یەكێك لە كاندیدەكانی پارێزگاری هەولێر كشایەوە

خەڵك-ئارام سەردار

بڕیارە سبەی دووشەمە ٨ی شوباتی ٢٠٢١ لەكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، پارێزگاری شارەكە هەڵبژێردرێت و تائێستاش لەكۆی سێ كاندید بەهێزترینیان (ئومێد خۆشناو) كاندیدی پارتییە.

عەلی رەشید، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر چوار كەس خۆیان كاندید كردبوو، بەڵام یەكێك لەكاندیدەكان بەهۆی ئەوەی وەك ئەندازیار لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كار دەكات، خۆكاندیدكردنی خۆی كشاندووەتەوە، هۆكارەكەشی كە بەئێمەی ووتوە ڕێكخراوەكە پێیان ڕاگەیاندووە دەبێت ئەوان ڕێگای پێبدەن.

دەشڵێت، ئێستا سێ كاندید هەن بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانە، دوو كاندیدەكەی تر هەریەكە لە ئومێد پاڵانی و سەدرەدین قادر، كە پارێزەرن وەك سەربەخۆ خۆیان كاندید كردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەكۆی ئەو سێ كاندیدە بەهێزترینیان (ئومێد خۆشناو) كاندیدی پارتییە، چونكە 12 ئەندامی پارتی پشتیوانی لێ دەكەن لەگەڵ ئەندامێكی سەربەخۆ و پێنج ئەندامی كریستییانەكان و توركمانیش بەهەمان شێوە.

دوای كۆچی دوایی فرسەت سۆفی پارێزگاری كۆچكردووی هەولێر ئێستا هەوڵ دەدرێت، پارێزگاری نوێ بۆ هەولێر هەڵبژێردرێت.