سەردێر

چوونی هێزی ئەمریكایی بۆ رۆژئاوا بەردەوامە

تا دێت پشتیوانی ئیدارەی بایدن بۆ كوردی رۆژئاوا زیاتر دەبێت

خەڵك-
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كاروانێكی دیكەی سەربازی لە ‌هەرێمەوە رەوانەی رۆژئاوای كوردستان دەكات.‌

هێزە ئەمریكاییەكان كە سەركردایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەكەن، كاروانێكی دیكەی سەربازی ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان دەكات كە لە (50) بارهەڵگر پێكهاتوون و ئوتۆمبێلی سەربازی و كەرەستەی بیناسازییان گواستووەتەوە بەرەو ناوچەی دێرەزوور و حەسەكە و بەرەو بنكەیەكی سەربازی كە هێزەكانی ئەمەریكای لێجێگیر كراوە.

هاوكات فەتحوڵڵا حوسێنی نوێنەری كانتۆنەكانی ڕۆژئاوا لە هەرێمی كوردستان بە (خەڵك)ی وت: هاوكارییەكانی هاوپەیمانان لەڕووی پێداویستی مرۆیی و سەربازییەوە بەردەوامەو ڕۆژانە ئەو هاوكاریانە دەگەنە ڕۆژئاوای كوردستان.

لە دوای هاتنەسەركاری ئیدارەی نوێی ئەمریكا، پێنتاگۆن لە هەرێمی كوردستان و عێراقەوە زوو زوو كاروانی سەربازی رەوانەی رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا دەكات.

هاوكات لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی هەڕەشەكانی توركیا بۆ هێرشكردنەسەر شاری دێرك لە رۆژئاوای كوردستان جموجۆڵەكانی ئەمریكا لە سنوور زیاتر بوون.

ئیدارەی پێشووی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی لە رۆژئاوا دا، زۆرینەی هێزەكان كشانەوە، بەشێك مانەوە، ترەمپ وتی، ئەو هێزانە بۆ پارێزگاری بیرەنەوتەكان بە تەنها ماونەتەوە.

لەنێوخۆی ئەمریكا بڕیاری كشانەوەی هێزە ئەمریكاییەكان لە سوریا كاردانەوەی توندی لێكەوتەوە، بۆیە ئیدارەی نوێی هەنگاوەكانی پێچەوانەی ئیدارەی پێشووە لە رۆژئاوای كوردستان.

لە كاردانەوەی ئەم پێشهاتانەدا هەرزوو دەسەڵاتی رۆژئاوای كوردستان، پێشوازی لەهاتنەسەركاری جۆ بایدن سەرۆكی نوێی ئەمریكا كرد، بەڵام ئەنقەرەی نیگەرانكرد.