سەردێر

گفتوگۆكانی “كوردی كوردی” دەستپێدەكەنەوە

سیستەمی خوێندن و كانتۆنەكان خاڵی ناكۆكی پەیەنەكە و ئەنەكەسەیە

خەڵك-

بڕیارە بەمنزیكانە گفتوگۆكانی “كوردی كوردی” لە رۆژئاوای كوردستان دەستپێبكەنەوە، ئەندامێكی نوێنەرایەتی كانتۆنەكانی ڕۆژئاواش لەباشوری كوردستان ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو گەڕێكی دیكەی دانوستان لەنێوان ئەنەكەسەو پەیەنەكە بەسەرپەرشتی ئەمریكا بەڕێوە دەچێت.

فەتحوڵڵا حوسێنی ئەندامی نوێنەرایەتی كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان لە هەرێمی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی باڵای كوردی ڕایگەیاندووە كۆبوونەوەكانی نێوان ئەنەكەسەو پەیەنەكە قۆناغی یەكەمی تەواو بووە و هەفتەی داهاتوو گەڕێكی دیكەی دانوستان بەڕێوە دەچێت.

وتیشی، كۆبوونەوەكان بەسەرپەرشتی ئەمریكا و جەنەڕاڵ مەزڵوم كۆبانێ‌ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەستپێدەكاتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد فشارێكی زۆر هەیە لەلایەن ئەمریكاوە كە گفتوگۆكان سەركەوتوو بن و بە زووترین كات بگەنە رێككەوتن و هاوكات جەنەڕاڵ مەزڵوم كۆبانێ‌ كەسێكی قەبوڵكراوە لەلای هەموو پارتەكانی رۆژئاواو پشتیوانییەكی كورستانیشی هەیە بۆیە پێشبینی ئەنجامی باش دەكرێت.

گفتووگۆكانی ئەنەكەسەی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان و پەیەنەكەی نزیك لە پەیەدە و پەكەكە لە ئەیلولی رابردوو بە سەرپەرشتی ئەمریكا دەستیپێكرد.

لەو قۆناغەی گفتوگۆكاندا كە بە گفتوگۆی “كوردی كورد”ی ناسراون گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر دروستكردنی ئەنجومەنێك بۆ رۆژئاوای كوردستان، بەبێ رێككەوتن لەسەر وردەكاری و میكانیزمەكانی پێكهاتنی.

دواتر ناكۆكییەكانی هەردوولایەنی رۆژئاوای كوردستان جارێكی دیكە دەستیانپێكردەوە و گفتوگۆكانیش راگیران بەتایبەت لەسەر پرسی خوێندن لە رۆژئاوای كوردستان و كانتۆنەكان.

هەرچی لایەنی ئەنەكەسە بوو خوازیاری هەڵوەشاندنی سیستمی خوێندنی ئێستای رۆژئاوای كوردستان و گەڕانەوەبووە بۆ سیستمی پێشووی خوێندنی حكومەتی سوریا، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی سیستمی كانتۆنەكان، كە ئەم دوو داواكارییەی ئەنەكەسە بە توندی لەلایەن پەیەنەكەوە رەتكرانەوە.